
گرێگۆری ئافتاندیلیان: زۆرینەی دیموکراتەکان چاودێرییەکی توندی سیاسەتی دەرەوەی ترەمپ دەکەن
گرێگۆری ئافتاندیلیان، مامۆستای زانکۆی ئەمریکی ڕایگەیاند، ئەگەر دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنە ناوەندییەکاندا زۆرینە بەدەستبهێنن، سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی ترەمپ و خەرجییەکانی بودجە بۆ جەنگی ئێران دەخرێنە ژێر چاودێرییەکی توندەوە.
گرێگۆری ئافتاندیلیان، شیکارکاری پێشووی پێنتاگۆن و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، وەک مامۆستای زانکۆی ئەمریکی و شارەزای بەئەزموونی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لێدوانێکدا بۆ ڕووداو وتی، ئەگەر دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنە ناوەندییەکاندا زۆرینەی ئەنجوومەنی نوێنەران بەدەستبهێنن، سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی ترەمپ دەخرێتە ژێر چاودێرییەکی توندەوە.
ئافتاندیلیان جەختی لەوە کردەوە کە نزیکبوونەوەی کۆنگرێس لە کوردەکان زیاتر لە ئیدارەی ترەمپ پشتیوانیکەرە، و ئەگەر دیموکراتەکان زۆرینە بەدەستبهێنن، گوشاری چاودێری لەسەر کۆشکی سپی زیاد دەکات، بەتایبەتی بڕیارەکانی پەیوەست بە ململانێکان لەگەڵ ئێران دەکرێت لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت، و لە ڕێگەی سەرۆکایەتی لیژنەکانەوە دەتوانن بەرپرسان بانگهێشت بکەن و ناچاریان بکەن بە سوێندەوە شایەتی بدەن. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە دەسەڵاتی تەرخانکردنی بودجە لە دەستی کۆنگرێسدایە و ئەگەر دیموکراتەکان زۆرینە بن، دەتوانن ئەو بودجە سەربازییەی بۆ جەنگی ئێران تەرخانکراوە ڕابگرن.
ئافتاندیلیان بە بیرهێنانەوەی ئەوەی کە کێبڕکێی ئەنجوومەنی پیران هێشتا نادیارە، وتیشی کە شکستی پارتی کۆماری لە هەڵبژاردنە ناوەندییەکاندا گورزێکی قورس لە پێگەی جیهانی ترەمپ دەدات، سەرکردەکانی جیهان دەست دەکەن بە بینینی ترەمپ وەک سەرکردەیەکی لاواز، و ئەم تێگەیشتنە ئارەزووی وڵاتان بۆ پابەندبوون بە گوشار و سیاسەتە تاکلایەنەکانی واشنتۆن کەم دەکاتەوە.
سەرچاوە: Rûdaw