
عەمار حەکیم: عێراق زیاتر لە هەموو لایەک لە گرژییە هەرێمییەکان زیانمەند دەبێت
سەرۆکی ڕەوتی حیكمەی نیشتمانی، عەمار حەکیم، جەختی لەوە کردەوە کە عێراق ڕۆڵی ناوبژیوانی لە نێوان ئێران و ئەمریکا دەبینێت بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییە هەرێمییەکان و گرنگی چارەسەرکردنی پرسی چەکی بێ مۆڵەتی دووپات کردەوە.
عەمار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیكمەی نیشتمانی، ڕۆژی شەممە ١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ لە کۆبوونەوەیەکدا ڕایگەیاند کە عێراق زیاتر لە هەموو لایەک لە گرژییە هەرێمییەکان زیانمەند دەبێت. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە عێراق ڕۆڵی ناوبژیوانی لە نێوان ئێران و ئەمریکا دەبینێت بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکان و جەختی لەوە کردەوە کە "بژاردەی لێکتێگەیشتن لە شەڕ باشترە".
حەکیم سەرنجی خستە سەر گرنگی چارەسەرکردنی پرسی چەکی دەرەوەی دەوڵەت بە هەر ناوێکەوە بێت. جەختیشی کردەوە کە پێویستە بە پابەندبوون بە دەستوور، ڕێگری بکرێت لەوەی عێراق ببێتە بنکە یان ڕێڕەوێک بۆ هەڕەشەکردن لە وڵاتانی دراوسێ.
حەکیم کە باسی لەوە کرد دابەزینی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت یەکێکە لەو هۆکارانەی زۆرترین کاریگەری لەسەر عێراق هەبووە، ئاماژەی بەوەش کرد کە دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ئەیلوولی ٢٠٢٦، دۆسیەی چەک چووەتە قۆناغێکی یەکلاکەرەوە و ئەم پرۆسەیە تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ دامەزراوە فەرمییەکان. حکومەتی بەغدا ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ی وەک دەستپێکی قۆناغێکی کردەیی لەم بارەیەوە ڕاگەیاندووە و ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٧ی وەک دوا وادە بۆ ڕێکخستنەوەی سەرجەم گرووپە چەکدارەکان دیاری کردووە.
سەرچاوە: Kurdistan24