
لە کەپەزی ئەنتالیا بەهۆی گەردەلوولەوە ٤ کرێکار گیانیان لەدەست دا و یەکێکی دیکەش بریندار بوو
گەردەلوولێک لە ناوچەیەکی دروستکردنی باڵەخانە لە قەزای کەپەز، دوو کۆنتێنەری وێران کرد و بووە هۆی گیانلەدەستدانی چوار کرێکار و برینداربوونی یەکێکی دیکە.
لە گەڕەکی فەوزی چاکماک لە قەزای کەپەزی ئەنتالیا، گەردەلوولێک لە شوێنێکی دروستکردنی باڵەخانە ڕوویدا. گەردەلوولەکە کە دوای هۆشداریی ڕەنگی زەردی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی بۆ بارانبارینی بەخوڕ دروست بوو، دوو کۆنتێنەری تێکشکاند و پێنج کرێکاری ناو کۆنتێنەرەکانی فڕێدایە دەرەوە.
دوای ئاگادارکردنەوە، تیمەکانی فریاگوزاری ١١٢، پۆلیس و ئاگرکوژێنەوە ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کران. بەهۆی ڕووداوەکەوە دوو کرێکار لە شوێنی ڕووداوەکە و دوو کرێکاری دیکەش دوای گەیاندنیان بە نەخۆشخانە گیانیان لەدەست دا؛ کرێکارێکی دیکەش بە برینداری بۆ چارەسەر گواسترایەوە. پارێزگار حولووسی شاهین ڕایگەیاند کە کرێنێکیش لە هەمان شوێن کەوتووەتە خوارەوە، بەڵام ئەو ڕووداوە هیچ زیانێکی گیانی یان برینداری لێ نەکەوتووەتەوە.
پارێزگار شاهین وتی: "بەداخەوە دوو کرێکارمان لە شوێنی ڕووداوەکە و دوو کرێکاری دیکەش لەو نەخۆشخانەیەی بۆی گواسترابوونەوە گیانیان لەدەست دا. یەکێک لە کرێکارەکانمان بریندارە و دۆخی تەندروستی جێگیرە". ناوبراو پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی کەسوکاری قوربانییەکان کرد و هیوای خواست خوای گەورە لێیان خۆش بێت. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە و تیمەکان لە شوێنی ڕووداوەکە خەریکی کارکردنن.
سەرچاوە: Kurdistan24