
حەوت پزیشکی پسپۆڕی هەرێمی کوردستان لە ئازموونەکانی ئەنجومەنی عەرەبیدا ڕیزبەندی یەکەمیان بەدەستهێنا
حەوت پزیشکی هەرێمی کوردستان لە ئازموونەکانی ئەنجومەنی عەرەبیدا پلەی یەکەمیان بەدەستهێنا و لە ڕێوڕەسمێکدا لە قاهیرە خەڵات کران.
لە قاهیرەی پایتەختی میسر، لە ڕێوڕەسمێکی فەرمیدا کە لەلایەن ئەنجومەنی عەرەبی بۆ پسپۆڕییە تەندروستییەکان (عەرەب بۆرد) ڕێکخرابوو، وەزیرانی تەندروستیی ٢٢ وڵاتی عەرەبی تێیدا بەشداربوون. ڕێوڕەسمەکە لە بارەگای سەرەکیی کۆمکاری عەرەبی لە قاهیرە بەڕێوەچوو.
لە ڕێوڕەسمەکەدا ٥٢ پزیشکی پسپۆڕ لە نێوان دەرچووانی خولی ٢٠٢٥ی عەرەب بۆرد خەڵات کران، کە ٧ پزیشکی هەرێمی کوردستان لە ٧ بەشی جیاوازی پزیشکیدا لە سەر ئاستی ٢٢ وڵات پلەی یەکەمیان بەدەستهێنا و سەرکەوتنێکی گەورەیان تۆمار کرد.
یەکێک لەو پزیشکانە د. عومەر لقمان سیامەند بوو کە لە بەشی پزیشکیی دەروونیدا پلەی یەکەمی بەدەستهێنا. ئەنجومەنی عەرەبی لە ساڵی ١٩٧٨ لە ژێر چەتری کۆمکاری عەرەبیدا دامەزراوە و بەرزترین دامەزراوەی باوەڕپێدانی ڕاهێنان و پسپۆڕیی پزیشکییە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا.
سەرچاوە: Kurdistan24