
وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس عێراقچی داوا لە ترەمپ دەکات ئیرادەی خۆی بۆ ڕێککەوتن ڕابگەیەنێت
ئێران داوا لە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکات مەبەستی خۆی بۆ ڕێککەوتنێکی پابەندکەر ئاشکرا بکات کە ڕێگری لە شەڕێکی نوێ بگرێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس عێراقچی ڕایگەیاند کە حکومەتی تاران هێشتا بڕوای بە چارەسەری دیپلۆماسی هەیە بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕەکە، و گوتیشی داواکاری سەرەکییان ئەوەیە کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئامریکاو بە ڕوونی مەبەستی خۆی بۆ ڕێککەوتنێکی پابەندکەر ڕابگەیەنێت کە ڕێگری لە شەڕێکی نوێ بگرێت.
عێراقچی ئاماژەی بەوەش کرد کە ئاڵوگۆڕی پەیامەکان لەگەڵ ئامریکاو لە ڕێگەی ناوەندگیڕەکانەوە بەردەوامە و پێویست بە گۆڕینی ناوەندگیڕەکانی ئێستا ناکات. ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە کە بۆ خێراکردنی پرۆسەکە، لەسەر پێشنیازی ناوەندگیڕەکان، پلانی کاریان لە ٧ ڕۆژەوە بۆ ۲ ڕۆژ کەمکردۆتەوە، بەڵام هێشتا هیچ وەڵامێک لە واشنتۆنەوە وەرنەگیراوە.
وەزیر ڕایگەیاند کە ئەگەر واشنتۆن لە گەیشتن بە ڕێککەوتن جدییە، دەبێت هەڵوێستی خۆی چاک بکات، و ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو تێگەیشتنەی پێشتر لە ئیسلام ئاباد پێیان درابوو چیتر لەسەر مێزەکە نەمێنێتەوە. هەروەها زیادی کرد کە ئێران کراوەیە بۆ سازشێکی دادپەروەرانە کە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و پێداویستییە ڕەواکانی بپارێزێت، و ڕوونیشی کردەوە کە سنووری ڕوونیان هەیە بۆ ئۆرانیۆمی پیتێنراو و ئەم مادانە ناتوانرێت ببرێنە دەرەوەی وڵات، کە ئەوەش هێڵێکی سورە و تاران سازشی لەسەر ناکات.
سەرچاوە: Kurdistan24