
عەبباس عێراقچی و سێرگی لاڤرۆڤ: هاوبەشیی ستراتیژیی تاران و مۆسکۆ قووڵتر دەبێتەوە
وەزیرانی دەرەوەی ئێران و ڕووسیا جەختیان لەوە کردەوە کە هاوکارییە ستراتیژییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەهێزتر بووە و قەیرانە ناوچەییەکان بە ڕێگەی سەربازی چارەسەر ناکرێن.
عەبباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ لە تاران لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا کۆبووەوە. عێراقچی ڕایگەیاند کە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات ستراتیژین و دوای جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی هاوبەشیی ستراتیژیی گشتگیر، ڕەهەندێکی گرنگتر و قووڵتریان وەرگرتووە. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە هیچ بەربەستێکی سەرەکی لە بەردەم ئاڵوگۆڕی ئابووری، بازرگانی، سیاسی و کولتووری لە نێوان هەردوو وڵاتدا نییە.
لاڤرۆڤ وتی کە ڕووسیا دەستبەرداری ڕێککەوتنە ستراتیژییەکان و وەبەرهێنانەکانی لەگەڵ ئێران نابێت و سەرەڕای دۆخە سەختە نێودەوڵەتییەکان، پابەند دەمێنێتەوە بەو ڕێککەوتنانە. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە تیمە تەکنیکی و کارمەندانی ڕووسیا لە بواری ئەتۆمیدا بە قۆناغ دەگەڕێنەوە بۆ وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر و قەبارەی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات ساڵی ڕابردوو ٢١٪ و لە هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵیشدا زیاتر لە ١٠٪ گەشەی کردووە. هەروەها جەخت لەوە کرایەوە کە ڕێککەوتنی بازرگانیی ئازاد لەگەڵ یەکێتیی ئابووریی ئۆراسیا، دەرفەتی گەورە لە بوارەکانی بازرگانی و وزەدا دەڕەخسێنێت.
هەردوو وەزیر جەختیان لەوە کردەوە کە قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە بە ڕێگەی سەربازی چارەسەر ناکرێن و پێویستە دیپلۆماسی و دیالۆگ بنەمای گەیشتن بە ڕێککەوتن بن. لاڤرۆڤ باسی لە گرنگیی گەڕانەوەی گەرووی هورمز بۆ دۆخی پێش جەنگ و دابینکردنی ئاسایشی تەواو بۆ گواستنەوەی دەریایی کرد و ڕایگەیاند کە مۆسکۆ ئامادەیە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو بۆ قەیرانی درێژخایەنی نێوان واشنتن و تاران. عێراقچیش وتی کە گرژییەکانی ناوچەکە بەهۆی سیاسەتەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوەیە و نیگەرانیی قووڵی خۆی لەبارەی هێرشەکان لە دەریای قەزوین دەربڕی.
سەرچاوە: کوردستان٢٤