
کۆمکاری عەرەبی خەڵاتی سەرکەوتنی باڵا بە ٧ پزیشکی هەرێمی کوردستان دەبەخشێت
لە ڕێوڕەسمێکدا لە قاهیرە، ٧ پزیشکی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئەنجومەنی پسپۆڕییەکانی تەندروستیی عەرەبییەوە خەڵاتی سەرکەوتنی باڵایان پێدەبەخشرێت.
ئەنجومەنی پسپۆڕییەکانی تەندروستیی عەرەبی لە سەر بە کۆمکاری عەرەبی، ڕێوڕەسمێکی خەڵاتکردن بۆ ٥٢ پزیشکی پسپۆڕی هەڵبژێردراو لە نێوان دەرچووانی ساڵی ٢٠٢٥ سازدەکات. ڕێوڕەسمەکە ڕۆژی چوارشەممە، ١١ی تشرینی دووەم، لە قاهیرەی پایتەختی میسر بەڕێوەدەچێت.
لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانی ئەم ڕێوڕەسمەدا، ٧ پزیشکی هەرێمی کوردستان کە لە تاقیکردنەوەکانی پسپۆڕیی لە لەسەر ئاستی ٢٢ وڵاتی عەرەبیدا پلەی یەکەمیان بەدەستهێناوە، خەڵاتی سەرکەوتنی باڵایان پێدەبەخشرێت. شەش لەو پزیشکانە (کە سێیان ژنن) بەشداری لە ڕێوڕەسمەکەدا دەکەن و خەڵاتەکانیان وەردەگرن، پزیشکێکیشیان بەهۆی هۆکاری تایبەتەوە ناتوانێت ئامادە بێت.
دکتۆر هێرش قادر دەربەندی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ناوخۆ، ڕایگەیاند لە بوارەکەی خۆیدا لە نێوان ٤٠٠ پزیشکی پسپۆڕ لە ٢٢ وڵاتەوە پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە و ٧ هاوکاریشی لە هەرێمی کوردستان لە بەشە جیاوازەکانی پسپۆڕیی خۆیاندا بەرزترین ئاستی سەرکەوتنیان تۆمارکردووە. هەروەها دکتۆر عومەر لقمان سیامەند، پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان، ئەو بەشەی ئاشکرا کرد کە خەڵاتی تێدا بەدەستهێناوە.
ئەمساڵ ڕێوڕەسمی خەڵاتکردنەکە، بە پێچەوانەی ساڵانی پێشوو کە لە ئوردن بەڕێوەدەچوو، لە بارەگای سەرەکیی کۆمکاری عەرەبی لە قاهیرە ئەنجام دەدرێت و چاوەڕوان دەکرێت وەزیرانی تەندروستیی ٢٢ وڵاتی عەرەبی بەشداریی تێدا بکەن.
سەرچاوە: Kurdistan24