
هاوپەیمانی عەرەبی ڕایگەیاند مووشەکێکی بالیستی حوسییەکانیان بۆ سەر سعودیە تێکشکاندووە
هاوپەیمانییەکە ڕایگەیاند، ئەو مووشەکەی ئاراستەی تائیف کرابوو، لەلایەن سیستەمەکانی بەرگری ئاسمانییەوە لەناوبراوە.
گوتەبێژی هاوپەیمانی عەرەبی، لیوا تورکی مالیکی، لە ڕاگەیەندراوێکدا لە سۆشیاڵ میدیا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو مووشەکە بالیستییەی بەرەو شاری تائیفی سعودیە هەڵدرابوو، لەلایەن هێزەکانی بەرگری ئاسمانییەوە دۆزراوەتەوە و پێش ئەوەی بگاتە ناوچە مەدەنییەکان لە ئاسماندا تێکشکێنراوە.
مالیکی جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هەوڵەی هێرشکردنە، ڕاستەوخۆ ناوچە نیشتەجێبوونی مەدەنییەکانی کردووەتە ئامانج و وەبیری هێنایەوە کە حوسییەکان بەردەوام خاکی سعودیە بە مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکەنە ئامانج.
لەو شەڕە ناوخۆییەی یەمەن کە لە ئەیلولی ٢٠١٤دا بە دەستبەسەرداگرتنی سەنعای پایتەخت و پارێزگا گرنگەکان لەلایەن حوسییەکانەوە دەستی پێکرد، هاوپەیمانی عەرەبی بە سەرۆکایەتی سعودیە لە ئازاری ٢٠١٥ەوە پشتیوانی لە حکومەتی شەرعی یەمەن دەکات کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دانی پێدانراوە.
سەرچاوە: Kurdistan24