
١,٥ ملیۆن کورد لە ئەڵمانیا دەژین، ٨٦,٧٪یان لە ساڵی ڕابردوودا ڕووبەڕووی جیاکاری بوونەتەوە
نزیکەی ١,٥ ملیۆن کورد لە ئەڵمانیا هەن و زۆرینەیان لە ١٢ مانگی ڕابردوودا تووشی جیاکاری یان ڕەگەزپەرستی بوون.
بەپێی ئەو توێژینەوەیەی کە لەلایەن "میدیەندینست ئینتێگراسیۆن" بڵاوکراوەتەوە و پڕۆفیسۆر دکتۆر چینار قادری لە زانکۆی بۆخوم ئامادەی کردووە، ژمارەی کوردانی نیشتەجێی ئەڵمانیا نزیکەی ١,٥ ملیۆن کەسە. لەبەر ئەوەی لە تۆمارە فەرمییەکاندا لەبری ناسنامەی کوردی، ڕەگەزنامە بنەما دەگیرێت، ئامارێکی ورد لەبەردەستدا نییە؛ بەڵام ژمارەی خەمڵێنراوی کۆمەڵگەکە نزیکەی ٢ ملیۆن کەسە.
توێژینەوە مەیدانییەکەی شاری میونشن نیشانی دەدات کە ٨٦,٧٪ی بەشداربووان لە ١٢ مانگی ڕابردوودا ڕووبەڕووی جیاکاری یان ڕەگەزپەرستی بوونەتەوە. لە ڕاپۆرتەکەدا، پێگەی سیاسی، ئابووری و کەلتووریی کوردان لە ئەڵمانیا و نوێنەرایەتییان لە میدیاکاندا لێکۆڵینەوەی بۆ کراوە.
دەزگای فیدراڵی کۆچبەران و پەنابەرانی ئەڵمانیا (BAMF) لە ساڵی ٢٠١٠ەوە تا حوزەیرانی ٢٠٢٦، ٦٠٧ هەزار و ٩٨٦ داواکاری پەنابەرێتیی کوردانی تۆمار کردووە. لە ساڵی ٢٠١٠ەوە زیاتر لە ٢٥٠ هەزار کورد لە سووریاوە کۆچیان کردووە؛ لە ساڵی ٢٠٢٤دا ١٧ هەزار و ٥٤٩، لە ٢٠٢٥دا ٧ هەزار و ٨٤٨ و لە نیوەی یەکەمی ٢٠٢٦دا هەزار و ٩٨٤ داواکاری پەنابەرێتی پێشکەش کراوە. ڕێژەی وەرگرتنی کوردانی بە ڕەچەڵەک سووری لە ٨٥,٨٪ەوە بۆ ٢٩٪ لە نیوەی یەکەمی ٢٠٢٦ دابەزیوە. لە تورکیاشەوە لە ١٥ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ١٠٠ هەزار کورد داواکاری پەنابەرێتییان پێشکەش کردووە؛ لە ساڵی ٢٠٢٣دا ٥١ هەزار و ٤٠٧ و لە نیوەی یەکەمی ٢٠٢٦دا ٢ هەزار و ١٩٣ داواکاری تۆمار کراوە.
توێژینەوەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە کوردەکان یەکێک لە گەورەترین کۆمەڵگە کۆچبەرەکانن لە ئەڵمانیا و نەبوونی ئاماری فەرمی، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سیستەمەی تۆمارکردن کە لەسەر بنەمای ڕەگەزنامەیە.
سەرچاوە: Rûdaw