
١٥ ئەندامی فەرەنسیی داعش لە بەغدا دادگایی کران، شەش کەسیان سزای زیندانی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێنرا
لە دادگای تاوانەکانی کەرخی بەغدا ١٥ ئەندامی فەرەنسیی داعش دادگایی کران و شەش کەسیان سزای زیندانی هەتاهەتاییان بۆ دەرچوو.
ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، لە دادگای تاوانەکانی کەرخ لە بەغدا، ١٥ هاووڵاتیی فەرەنسی بە تۆمەتی ئەندامێتی لە داعش دادگایی کران. لە دانیشتنەکەدا سێ دادوەر، داواکارێکی گشتی، دوو پارێزەری ڕاسپێردراو لەلایەن دادگاوە، نوێنەرانی باڵیۆزخانەی فەرەنسا، وەرگێڕ، ژمارەیەک یاساناس و ڕۆژنامەنووس ئامادە بوون.
دادگا سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر شەش تۆمەتباردا سەپاند؛ بڕیاری پەیوەست بە دۆسیەی تۆمەتبارەکانی دیکە بۆ کۆتایی مانگ دواخرا. بەم بڕیارانە، ژمارەی ئەو هاووڵاتییە فەرەنسییانەی کە لە چوارچێوەی دۆسیەی ٤٧ کەسیدا لە بەغدا دادگایی کراون و سزایان بەسەردا سەپێنراوە، گەیشتە ١٦ کەس.
لە هۆڵی دادگادا، سەرجەم تۆمەتباران بە جلی زیندانیی پرتەقاڵی و پێڵاوی بن ئەستوور و قژ و ڕیشی بڵاوەوە دەرکەوتن. لە کاتی گوێگرتن لە نۆ تۆمەتبارەکەی یەکەم، دادوەر بە زەردەخەنەوە پرسیارەکانی ئاراستە دەکردن؛ بەڵام لە کاتی خوێندنەوەی حوکمی شەش کەسەکەدا کەشوهەوا توند بوو و ڕێگە بە هەندێک لە تۆمەتباران نەدرا قسە بکەن. لە وتەکانی تۆمەتباراندا زۆر جار ئەم ڕستەیە دووبارە دەبووەوە: "مێشکمان شۆردرابوو، هەڵخەڵەتێندرابووین".
یەکێک لە تۆمەتباران بە ناوی ئیبراهیم محەمەد حیاری، ڕەچەڵەکی مەغریبییە و لە پاریس لەدایک بووە و هاووڵاتیی فەرەنسایە. ناوبراو بە تۆمەتی هاندانی کچانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ بۆ چوون بۆ سووریا، لە لیستی سووری ئینتەرپۆڵدا بوو.
سەرچاوە: Rûdaw