
ژیانی جانیپ یڵدرم؛ پارێزەر، تۆمەتبار و ڕێنیشاندەری گەنجان
جانیپ یڵدرم، برای ئەسما ئۆجاکی پارێزەر و نووسەری ئامەدی، کەسایەتییەکی ناسراوە بە خەباتەکانی لە بوارەکانی یاسا، سیاسەت و ئەدەبیاتدا.
چایخانەی باباجان لە ئەنقەرە وەک شوێنێکی کۆبوونەوەی خوێندکاران، کرێکاران، پارێزەران و سیاسەتمەداران دەناسرێت، کاتێک جانیپ یڵدرم لە سەرەتای شەقامەکە دەردەکەوت، ئەوانەی دەیانناسی بە ڕێزەوە بۆی هەڵدەستان. ئەم ڕێزە تەنیا بۆ یاساناسێکی بەتەمەن نەبوو، بەڵکو ئاماژەیەک بوو بۆ بوونی بەرگریکارێک و کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی.
یڵدرم لە ساڵی ١٩٤٤ لە ئەنقەرە دەستی بە خوێندنی یاسا کرد و خوێندنەکەی لە پاریس درێژە پێدا. دوای گەڕانەوەی بۆ ئامەد، کاری پارێزەری کرد و وەک بەڕێوەبەری نووسینی ڕۆژنامەی "ئیلەری یورت" کاری کرد. لە ساڵی ١٩٥٩ بەهۆی بڵاوکردنەوەی شیعری کوردیی "قەمڵ" لەو ڕۆژنامەیەدا، لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کراو لە چوارچێوەی "دۆزی ٤٩ کەسەکە" کە هەمان ساڵ دەستی پێکرد، دادگایی کرا و داوای سزای لەسێدارەدانی بۆ کرا.
یڵدرم کە دوای کودەتای ٢٧ی ئایاری ١٩٦٠ دەستگیرکرابوو، لە ئامەدەوە بۆ ئەستەنبوڵ و لەوێشەوە بۆ زیندانی ئەنقەرە ڕەوانە کرا. دوای ئازادبوونی، لە دەوری پارتی کرێکارانی تورکیا درێژەی بە چالاکییە سیاسییەکانی دا؛ لە سەردەمی ١٢ی ئاداردا جارێکی دیکە دەستگیرکرایەوە و لە ساڵی ١٩٧٤ بە لێبوردنی گشتی ئازاد بوو.
لەگەڵ تێپەڕبوونی ساڵان و گۆڕانی پارت و نەوەکان، یڵدرم هەر بەردەوام بوو لە قسەکردن لەگەڵ گەنجان و گوێگرتن لێیان. ئەو گفتوگۆیانەی لەگەڵ مەهدی ئوزون لە زیندان و دواتریش لەگەڵ ئۆرهان میرۆغڵو کردبووی، لە کتێبێکدا بە ناوی "دار توویەک لە باخچەی حەوسەل" کۆکرانەوە. ئەوانەی لە چایخانەی باباجان کۆدەبوونەوە، ئازار، خۆشی و باوکایەتیی ئەویان لە یادەوەریی خۆیاندا دەپاراست.
سەرچاوە: Tigris Haber