
ئەمریکا بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی یەمەن پشتیوانی هەواڵگری پێشکەشی سعودیە دەکات
ئاژانسی ئەکسیۆس بڵاویکردەوە، سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا بەشداریی ڕاستەوخۆی سەربازی ڕەتکردووەتەوە، بەڵام لە ئۆپەراسیۆنەکانی سعودیە دژی حوسییەکان، پشتیوانی هەواڵگری و دیاریکردنی ئامانج پێشکەش دەکات.
بەپێی ئەو هەواڵەی ئەکسیۆس لە سەرچاوەیەکی ئەمریکییەوە بڵاویکردووەتەوە، ئیدارەی واشنتۆن هەرچەندە داواکاریی سعودیە بۆ ئەنجامدانی هێرشی ڕاستەوخۆ دژی حوسییەکان ڕەتکردووەتەوە، بەڵام بەردەوامە لە هاوبەشکردنی زانیاری هەواڵگری و پشتیوانیکردن لە دیاریکردنی ئامانجەکان. فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) لەبارەی بەشداریی ڕاستەوخۆی سەربازییەوە خۆی بەدوور دەگرێت؛ باس لەوە دەکرێت ئەم هەڵوێستە بەهۆی نیگەرانییەکانە لە کەمکردنەوەی سەرنج لەسەر ستراتیژی تایبەت بە ئێران.
سەرچاوەیەکی دیکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەمریکا لە ئێستادا هیچ چالاکییەکی سەربازی لە یەمەن ئەنجام نادات، بەڵام بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی مەیدانی، ڕەنگە ئەم هەڵوێستە بگۆڕێت. شازادە خالید بن سەلمان، وەزیری بەرگریی سعودیە، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ پیت هێگسێس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا ئەنجامدا و زانیاری لەبارەی ئۆپەراسیۆنە پلاندانراوەکە پێشکەش کرد و داوای ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی نوێی بۆ سەر ئامانجەکانی حوسییەکان کردەوە.
ئامانجی سەرەکی ئەم هێرشە کە چەند هەفتەیەکە لەلایەن حکومەتی یەمەن و سعودیە پلانی بۆ دانراوە، کۆنترۆڵکردنەوەی گەرووی ستراتیژیی بابولمەندەب و ڕزگارکردنی سەنعای پایتەختە کە چەند ساڵێکە لەژێر کۆنترۆڵی حوسییەکاندایە. ئەو ئۆپەراسیۆنەی کە دەیان هەزار سەربازی پیادەی سەر بە حکومەتی یەمەن بەشدارن تێیدا، لەلایەن سوپای سعودیە بە پشتیوانی بەرگریی ئاسمانی و هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئامانجەکانی حوسییەکان پشتگیری دەکرێت.
ئۆپەراسیۆنەکە لە کاتێکدایە کە حوسییەکان لە ماوەی هەفتەکەدا بەردەوام بوون لە هاویشتنی موشەک بۆ سەر چەند ئامانجێک لە سعودیە، لەوانەش دامەزراوە نەوتییەکانی ئارامکۆ.
سەرچاوە: Kurdistan24