
لە باشووری بەغدا بارهەڵگرێک بە ٣٥ مووشەکەوە دەستی بەسەردا گیرا
هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە ئۆپراسیۆنێکدا لە ناوچەی لەتیفییە ٣٥ مووشەک و سێ ئەندامی میلیشیاکانیان دەستگیر کرد.
هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە ئۆپراسیۆنێکدا لە گەڕەکی لەتیفییە لە باشووری بەغدا، بارهەڵگرێکیان ڕاگرت کە ٣٥ مووشەکی بارکردبوو. ئۆپراسیۆنەکە ئێوارەی ڕۆژی هەینی دەوروبەری کاتژمێر ٧:٠٠ بەپێی بەدواداچوونی هەواڵگری دەستی پێکرد، و بارهەڵگرەکە هەوڵی دەدا تەقەمەنی بۆ ناوچەی ستراتیژیی جورف ئەلسەخەر لەسەر سنووری پارێزگای بابیل بگوازێتەوە.
لە پشکنینی ناو ئۆتۆمبێلەکەدا ٣٥ مووشەک دەستی بەسەردا گیرا و سێ کەس کە پەیوەندییان بە گرووپە چەکدارەکانەوە هەبوو دەستگیر کران. لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریانخستووە کە دەستگیرکراوەکان سەر بە لیوای ١٥ی گرووپی میلیشیای "ڕۆحوڵڵا"ن.
سەرچاوە ئەمنییەکان ئاماژەیان بەوە داوە کە ئەم گوێزەرەوەی چەکە نیشانەی ئەوەیە میلیشیاکان چەک دانا نانێن، بەڵکو لە بەرامبەر زیادبوونی گرژییەکان و ئەگەری ڕوودانی شەڕ لە نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێراندا، بە ڕەوانەکردنی چەک بۆ ناوچە ستراتیژییەکانی وەک جورف ئەلسەخەر لە ئامادەباشیدان. ئەم پێشهاتە لە کاتێکدا ڕوودەدات کە گوشارەکانی حکومەتی عێراق بۆ سەر گرووپە چەکدارە نایاساییەکان بۆ داماڵینی چەکەکانیان گەیشتووەتە قۆناغێکی هەستیار.
سەرچاوە: Kurdistan24