
تەقینەوە لە کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی حەشدی شەعبی لە بەغدا: ٥ بریندار
لە ئەنجامی تەقینەوەیەک لە بارەگای بەڕێوەبەرایەتی ئەمنیی حەشدی شەعبی لە ڕۆژهەڵاتی بەغدا، پێنج کارمەندی ئەمنی بە سووکی بریندار بوون.
لە ڕۆژهەڵاتی بەغدای پایتەختی عێراق، تەقینەوەیەکی بەهێز لە کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی سەر بە بارەگای بەڕێوەبەرایەتی ئەمنیی حەشدی شەعبی ڕوویدا. ڕووداوەکە لەناو ئەو دامەزراوەیەدا بووە کە دەکەوێتە سەر سنووری ناوچەکانی سەبع ئەبکار و سلێخ، بەهۆیەوە بەشێکی باڵەخانەکە داڕماوە.
لە تەقینەوەکەدا پێنج ئەندامی ڕێکخراوەکە بە سووکی بریندار بوون. بریندارەکان لەلایەن تیمەکانی فریاگوزارییەوە کە دوای ڕووداوەکە گەیشتنە شوێنەکە، بۆ نەخۆشخانەکانی نزیک گواسترانەوە. ژمارەیەکی زۆر لە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و فریاکەوتن ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کران.
هێزە ئەمنییەکان بۆ ڕێگریکردن لە هەر جۆرە قەرەباڵغییەک و پاراستنی گیانی هاووڵاتیان، ناوچەکەیان گەمارۆ دا. دەستەی حەشدی شەعبی ڕایگەیاند کە تیمەکانیان توانیویانە ئاگرەکە بە تەواوی کۆنتڕۆڵ بکەن و لیژنەی تەکنیکی پسپۆڕیش دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە بۆ دیاریکردنی هۆکاری ڕاستەقینەی تەقینەوەکە. شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراقیش لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی فەرمیی پێکهێناوە بۆ ئەوەی بە وردی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بکرێت و ئەنجامەکانی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکرێن.
سەرچاوە: Rûdaw