
١١ بەندکراوی تورک لە بەغدا دوای گیانلەدەستدانی هاوڕێیەکیان داوای یارمەتی لە تورکیا دەکەن
١١ هاووڵاتیی تورکیا کە لە بەغدا بەندکراون، دوای گیانلەدەستدانی هاوڕێیەکیان، بەهۆی خراپیی دۆخی بەندیخانە و کێشەی تەندروستییەوە داوای یارمەتی لە دەسەڵاتدارانی تورکیا دەکەن.
١١ هاووڵاتیی کۆماری تورکیا کە لە بەغدا بەندکراون، لە نامەیەکدا کە بۆ ڕووداویان ناردووە، ڕایانگەیاندووە کە بەهۆی دۆخی بەندیخانەکە و کێشەی تەندروستییەوە ژیانیان لە مەترسیدایە و داوای یارمەتییان لە دەسەڵاتدارانی تورکیا کردووە.
لە نامەکەدا هاتووە، موحییەددین کلچ کە تەمەنی ٦٨ ساڵ بووە و خەڵکی پرسووسە لە ڕەها (ئورفا)، لە ٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ لە بەندیخانە دوو جار تووشی جەڵتەی دڵ بووە، بەڵام نەبردراوەتە نەخۆشخانە و لەبەردەم چاوی ئەواندا گیانی لەدەستداوە. بەندکراوەکان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە بەندکراوی دیکە هەن کە شەبەکەی دڵیان بۆ دانراوە و نەخۆشیی قورسی وەک شەکرە و پەستانی خوێنیان هەیە، دەبێت ڕێگری لە گیانلەدەستدانی زیاتر بگرترێت.
ئاماژە بەوەش کراوە، کلچ کاتێک ویستوویەتی بە پاسپۆرتی فەرمییەوە بگەڕێتەوە تورکیا، لە خاڵێکی گومرگی لە هەرێمی کوردستان دەستبەسەر کراوە و لەسەر داوای ئینتەرپۆلی تورکیا ڕەوانەی بەغدا کراوە. بەڵام سەرڕای تەواوبوونی مامەڵەکانی ڕادەستکردنەوەی، هیچ وەڵامێک لەلایەن تورکیاوە نەدراوەتەوە. بەندکراوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە دوای ١٩ مانگ لە بەندکردنیان و دوای گیانلەدەستدانی کلچ، جێگری بەڕێوەبەری ئینتەرپۆلی عێراق لە ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ سەردانی کردوون و ڕایگەیاندووە کە دەسەڵاتدارانی عێراق چەندین مانگ پێشتر پڕۆسەی ڕادەستکردنەوەیان تەواو کردووە، بەڵام بۆ تورکیا ڕەوانە نەکراوە.
هەروەها لە نامەکەدا هاتووە، ئەو ١١ بەندکراوە ماوەی ٢ بۆ ٨ ساڵە لە عێراق بەندکراون، دادگای تایبەتمەندی تاوانەکان لە بەغدا و دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری ڕادەستکردنەوەیان بۆ تورکیا دەركردووە، بەڵام ئەم بڕیارانە جێبەجێ نەکراون و وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەردەوامە لە هێشتنەوەیان لە وڵاتەکەدا.
سەرچاوە: Rûdaw