
دوای ڕێککەوتنی بەغدا و تاران، یەکەم فڕۆکەی ئێرانی لە نەجەف نیشتەوە
لەگەڵ هەڵگرتنی سزاکانی ئەمریکا، لە ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی بەغدا-تاران، پێشوازی لە یەکەم فڕۆکەی نەفەرهەڵگری کۆمپانیای کاسپیانی ئێرانی کرد.
ڕێککەوتنێک لە نێوان بەغدا و تاران واژۆ کرا کە ڕێگە بە ئەنجامدانی ٤٠ گەشتی ئاسمانیی مەدەنی لە ڕۆژێکدا دەدات و لەو چوارچێوەیەدا گەشتەکانی نێوان هەردوو وڵات لە ڕۆژی یەکشەممە ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ بە فەرمی دەستیان پێکردەوە. دوای وەرگرتنی مۆڵەتی لێخۆشبوون لەو سزایانەی ئەمریکا بەسەر کەرتی فڕۆکەوانیی ئێراندا سەپاندبووی، یەکەم فڕۆکەی نەفەرهەڵگری ئێرانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف نیشتەوە.
مستەفا کەعبە، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی فڕۆکەخانەی نەجەف لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراق (INA) وتی: "دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە نۆ ڕۆژ بەسەر ڕاگرتنی گەشتەکاندا، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف ئەمڕۆ بە فەرمی پێشوازی لە فڕۆکەی کۆمپانیای کاسپیانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد. ئەو فڕۆکەیەی لە تارانەوە هەستا، زیاتر لە ١٥٠ سەرنشینی گەیاندە ناوچەکە". لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکەدا، کۆمپانیای ماهان ئێیر بەهۆی سزاکانی ئێستاوە لە لێخۆشبوونەکە بەدەر کراوە و ڕاگەیەندرا کە گەشتەکانی ئەو کۆمپانیایە بۆ عێراق هەر بە ڕاگیراوی دەمێنێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەخانەکە ڕایگەیاند کە لە قۆناغی یەکەمی ئاساییبوونەوەی هاتووچۆی گەشتەکاندا، لە ڕۆژی یەکشەممەوە لە کاتەکانی ئێوارەدا پێشوازی لە سێ گەشتی فڕۆکە و سەرنشینانی ئێرانی دەکرێت. دەستپێکردنەوەی گەشتەکان لەگەڵ کۆتاییهاتنی پچڕانە درێژخایەنەکان، یارمەتیدەر بوو بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی لە هاتنی گەشتیاران و سەردانیکەرانی ئایینی لە نێوان هەردوو وڵاتدا دروست ببوو.
سەرچاوە: Kurdistan24