
بەغدا ڕۆژی 'سەروەریی نیشتمانی' ڕاگەیاند: هێزەکانی هاوپەیمانان وڵاتیان جێهێشت
ئەرکی شەڕکەری هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا کۆتایی هات و عێراق چوار ڕۆژ پشووی فەرمی ڕاگەیاند.
عێراق کۆتایی هاتنی ئەرکی شەڕکەری هێزەکانی هاوپەیمانانی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا ڕاگەیاند. ئەرکی نزیکەی ٣,٥٠٠ سەربازی ئەمریکی و هاوپەیمانان بە فەرمی تەواو بوو، بەمەش وڵاتەکە کۆتایی بە قۆناغێکی گرنگی ئامادەیی سەربازیی بیانی هێنا کە لە دوای داگیرکارییەکەی ساڵی ٢٠٠٣وە بەردەوام بوو.
حکومەتی بەغدا بڕیاری پاشەکشەکەی وەک جێگیرکردنی سەربەخۆیی تەواوەتی هەڵسەنگاند و ٤ ڕۆژ پشووی فەرمی و "رۆژی سەروەریی نیشتمانی" ڕاگەیاند. ڕەنگدانەوەی جیاواز لەلایەن جەماوەر و سیاسییەکانەوە هەبوو: ڕیاز عەدای پەرلەمانتاری ڕەوتی حیکمەت گوتی: "ئەمڕۆ ڕۆژێکی جەژنی ڕاستەقینە و ئاهەنگگێڕانە بۆ گەلی عێراق. ڕۆیشتنی هێزە بیانییەکان نیشانەی سەروەریمانە. چونکە دۆخی ئاسایشی وڵاتەکەمان ئێستا جێگیرە و ئەرکی سەربازیی هێزەکانی هاوپەیمانان لەێرە بەتەواوی کۆتایی پێهاتووە." بەدیع عارف کاسپکاری بەغدایی خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و گوتی: "ماوەیەکی درێژبوو چاوەڕێی ئەم ساتەیان دەکرد. ئەمریکا بەرپرسە لە هەموو ئەو کارەساتانەی بەسەر وڵاتەکەماندا هاتوون." عەدنان عاسی کە خانەنشینێکە گوتی: "ئێمە ئێستا تەنها ئارامی و سەرلەنوێ بونیادنانەوەی وڵاتێکی بەهێزمان دەوێت"، بەڵام سالم هادی فەرمانبەری دەوڵەت ئاماژەی بەوەدا کە پێیوایە پاشەکشەکە تەنها لەسەر کاغەز ماوەتەوە و گوتی: "کێ دەڵێت ئەمریکا بەڕاستی دەڕوات؟ بڕوام وابەنییە هیچ پاشەکشەیەکی ڕاستەقینە لەئارادا بێت."
دوای کشانەوەکە، شەقامەکانی عێراق لە نێوان خۆشی و نیگەرانییەکانی ئاسایشدا دابەش بوون. پسپۆڕان و خەڵکی ئاماژە بەو بۆشاییەی دەسەڵات و ئاسایش دەکەن کە دەکرێت بەهۆی ڕۆشتنی سەربازانی بیانییەوە دروست بێت؛ بەتایبەتی ئەم نیگەرانییە دەردەبڕدرێت کە شانە نووستووەکانی داعـ.ـش لە ناوچە گوندنشینەکانی ڕۆژئاوا و باکووری وڵاتدا ئەم بۆشاییە بکەنە دەرفەتێک بۆ خۆکۆکردنەوەی دووبارە. ئەم پرسیارە لە ناو رای گشتیدا دەکرێت کە ئایا سوپای عێراق دەتوانێت بێ پشتیوانیی دەرەکی، کۆنتڕۆڵی ئەو خاکانە بکاتەوە کە لە ساڵی ٢٠١٤دا بە داعـ.ـشی دۆڕاندبوون.
سەرچاوە: Rûdaw