
بە ناوبژیوانیی باخچەلی، گڕوپی سارالار و شاهینلەر لە بارەگای سەرەکیی مەهەپە ئاشتبوونەوە
دوژمنکارییەکی درێژخایەن بە کۆبوونەوەیەک کە لەلایەن دەولەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپەوە ڕێکخرابوو، کۆتایی هات.
لە نووسینگەی دەولەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، بورهانەدین سارال و سێدات شاهین کە بە دوژمنکاریی چەندین ساڵەی نێوانیان دەناسرێن، کۆبوونەوە. شەڕ و پێدادانەکانی نێوان سارالار و شاهینلەر لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٤ بۆ ٢٠١٧ ڕوویان دابوو و لە ئەنجامی هێرشی دوو لایەنەدا ژمارەیەک کەس کوژرابوون.
دوای کۆبوونەوەکە، وێنەیەک بڵاوکرایەوە کە تێیدا لایەنەکان لە کنار یەکتر وەستابوون. پێشتر هەواڵی ئەوە بڵاوکرابووەوە کە ئەم کۆبوونەوەیە کۆتایی بە دوژمنکارییەکی نزیکەی ٢٢ ساڵە دەهێنێت و بە پێشەوایەتیی باخچەلی کۆبوونەوەیەکی ڕێککەوتن ئەنجام دەدرێت.
پێش کۆبوونەوەکەی ئەنقەرە، بنەماڵەی سارال لە شارۆچکەی سورمەنەی پارێزگای ترابزۆن، لە حەوشەی مۆزەخانەی مێژوویی بنەماڵەی باشتیمار ڕێوڕەسمێکی گەورەیان ڕێکخست. نزیکەی ٤ هەزار کەس بەشدارییان لەم کۆبوونەوەیەدا کرد؛ لە بەرنامەکەدا ئۆکتای سارال، ڕاوێژکاری باڵای سەرۆک کۆمار، عەلائەدین سارال وەبەرهێنەر و کەسایەتییەکانی دیکەی جیهانی کار، سیاست و وەرزش ئامادە بوون.
ئۆکتای سارال لە کاتی ڕێوڕەسمەکەدا جەختی لەسەر یەکێتی و براوەتی کردەوە و سەرنجی خستە سەر ئامانجەکانی "سەدەی تورکیا" و "تورکیای بێ تیرۆر". لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە دا کە پێویستە لە شوێنی شەڕ و ململانێ، برایەتی پەرەی پێ بیدرێت.
سەرچاوە: Rûdaw