
باخچەلی سەرۆکی MHP لە چوارچێوەی پڕۆژەی ۱۰۰ پارێزگا و ۱۰۰۰ قەزادا ۱۹ قەزای وەک بەربژێری پارێزگابوون ڕاگەیاند
دەولەت باخچەلی سەرۆکی گشتیی MHP، لە چوارچێوەی پڕۆژەی "۱۰۰ پارێزگا و ۱۰۰۰ قەزا"دا ۱۹ قەزای ئاشکرا کرد کە پێشنیاز کراون بۆ ئەوەی بەرزبکرێنەوە بۆ پلەی پارێزگا.
دەولەت باخچەلی سەرۆکی گشتیی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (MHP)، لە چوارچێوەی پڕۆژەی "۱۰۰ پارێزگا و ۱۰۰۰ قەزا"دا ۱۹ قەزای بە ڕایشتی گشتی ئاشکرا کرد کە پێشنیاز کراون بۆ ئەوەی بەرزبکرێنەوە بۆ پلەی پارێزگا.
لە لیستەکەدا لە ئەنادۆڵی ناوەڕاستەوە پولاتلی و ئەرێگلیی کۆنیا، لە دەریای ڕەشەوە ئوونیە، وەزیرکۆپرو و ئەرێگلیی زۆنگولداک، لەو ناوچانەی دانیشتووانی کورد تێیاندا زۆرن ئەردیش، دووبایەزید، خەڵات، ئەرغەنی، میدیات و سیوەرەک، لە دەریای ناوەڕاستەوە ئۆلبستان، کۆزان، ئالانیا و تارسۆس، لە ئیجەوە فەتییە و ئاخیسار، لە مەڕمەڕەشەوە لولێبورگاز و باندڕما جێگەیان گرتووە.
باخچەلی ئاماژەی بەوە دا کە ئەم قەزایانە لەسەر بنەمای پێوەرەکانی وەک دانیشتووان، بەرهەمهێنان، گواستنەوە، کشتوکاڵ و پێگەی ستراتیژی دەستنیشان کراون و بەرزکردنەوەیان بۆ پلەی پارێزگا ئامانجی چارەسەرکردنی خاوی لە بەڕێوەبردنی ناوخۆیی، بەهێزکردنی ناوەندەکانی گەشەپێدانی هەرێمی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی وەک پەروەردە، تەندروستی، ئاسایش و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانە لە شوێنی جوگرافیی نزیکترەوە.
جگە لەوەش، باخچەلی جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە یاسا بنەڕەتییەکانی وەک یاسای شارەوانییە گەورەکان، یاسای شارەوانی، یاسای گوند، یاسای بەڕێوەبردنی پارێزگا و یاسای ئیدارەی تایبەتی پارێزگا ڕێکبخرێنەوە و ڕایگەیاند کە ڕوونکردنەوەی ئەرک و دەسەڵاتەکانی نێوان شارەوانییە گەورەکان و شارەوانییەکانی قەزا تەمومژاوییە کارگێڕییەکان لەناو دەبات.
سەرچاوە: Rûdaw