
وەزیری خێزان: لە ساڵانی نەوەدەکاندا پیاوان لە ڕێگەی دەزگای ئاسایشی کۆمەڵایەتییەوە نەزۆک کراون
وەزیری خێزان و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان لە لیژنەی پلاندانان و بودجەی پەرلەمانی تورکیا، بە وتنی ئەوەی لە ڕابردوودا نەشتەرگەری نەزۆککردن بۆ پیاوان ئەنجامدراوە، مشتومڕێکی زۆری دروست کرد.
ماهینور ئۆزدەمیر گۆکتاش، وەزیری خێزان و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان لە لیژنەی پلاندانان و بودجەی پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند، لە ساڵانی نەوەدەکاندا پیاوان لە ڕێگەی دەزگای ئاسایشی کۆمەڵایەتییەوە (SGK) نەزۆک کراون و مانشێتی ڕۆژنامەکانی ئەو سەردەمەش بەڵگەی ئەم بابەتەن. وەزیرەکە بە وتنی "ئەو نەشتەرگەرییانە ئەنجامدراون" جەختی لەسەر ڕاستیی بابەتەکە کردەوە.
ئەندامانی لیژنەکە کاردانەوەیان بەرامبەر بە دەستەواژەی "نەزۆککردنی سیستماتیک"ی گۆکتاش نیشاندا و گومانیان لە ڕاستیی ئەو بانگەشەیە دەربڕی. گۆکتاش لە وەڵامدا وتی: "سیاسەتێکی لەم شێوەیە جێبەجێ کراوە" و دووبارە جەختی لەسەر قسەکانی کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە دەتوانێت وردەکارییەکانیش باس بکات.
مەهمەت موش، سەرۆکی لیژنەکە پێشنیاری بۆ پەرلەمانتاران کرد کە ئەم بابەتە لە ڕێگەی توێژینەوەیەکی ئەکادیمییەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت و داوای کرد مشتومڕەکە لەوێ کۆتایی پێ بێت. دوای گفتوگۆکان، بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ی وەزارەتی خێزان و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، حیساباتی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ و ڕاپۆرتەکانی دیوانی چاودێری دارایی بە دەنگدان پەسەند کران.
سەرچاوە: Rûdaw