
وەزیری داد گورلەک، ئاماری لێکۆڵینەوەکانی دۆسیەی "تاڵانی سندوق"ی ئاشکرا کرد
لە لێکۆڵینەوەکاندا کە ٦٣٢ گومانلێکراو دەگرێتەوە، ١٣ ملیار لیرە سەروەت و سامانی دەرەوەی وڵات بلۆک کران و قەیوم بۆ ٩١ کۆمپانیا دانرا.
وەزیری دادی تورکیا، ئاکین گورلەک ڕایگەیاند، لەو لێکۆڵینەوانەی بە "تاڵانی سندوق" ناودەبرێن، دەست بەسەر سامانی ٦٣٢ گومانلێکراو، ١٨١ کەسایەتی یاسایی و ٥٥١ کەسی سروشتیدا گیراوە، هەژمارە بانکییەکانیان بلۆک کراوە و ٩١ کۆمپانیاش بە دانانی قەیوم ڕادەستی سندوقی بیمەی سپاردەی قەرزی (TMSF) کراون.
جگە لەو کۆمپانیایانەی قەیومیان بۆ دانراوە، دەست بەسەر سامانەکانی تریشدا گیراوە؛ بڕیاری دەستبەسەرداگرتن بۆ ١٨٦٧ ئۆتۆمبێل، ٤ فڕۆکە، ٣ کەشتی و ٣٧٨ موڵک دەرکراوە. هەروەها دەست بەسەر پشکی ٣٠٧ کۆمپانیاشدا گیراوە.
لە ڕەهەندی نێودەوڵەتی لێکۆڵینەوەکەدا، ئەو سامانانەی بە دراوی بیانی کە بەهایان نزیکەی ١٣ ملیار لیرەیە و بۆ وڵاتانی بەریتانیا، سویسرا، لوکسەمبورگ، بەحرەین، یۆنان، ئەڵمانیا، کۆماری چیک، ئیتاڵیا و ئیمارات براون، بلۆک کراون و پرۆسەی دادوەری بۆ گواستنەوەی ئەو سامانانە بۆ هەژماری سندوقی سەر بە (TMSF) دەستی پێکردووە.
لە چوارچێوەی هەوڵەکانی گەڕاندنەوەی خۆبەخشانە و بەدەستهێنانەوەی سامانەکان، تا ئێستا کۆی گشتی ٤٤.٥٨ ملیار لیرە لە ٨٥ کەس وەرگیراوەتەوە. وەزیر گورلەک جەختی لەوە کردەوە کە داهاتی تاوان لە دادگا ون نابێت و پرۆسەکە بە بڕیارەوە بەردەوام دەبێت.
سەرچاوە: Kurdistan24