
وەزیری خەزێنە و دارایی شیمشەک، ڕێكارە یاساییەكان و نهختینهی سەبارەت بە قەیرانی سندوقەکانی بڵاوکردەوە
وەزیر شیمشەک ڕایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی داد، ڕێکاری پێویست دەگرنە بەر بۆ پاراستنی مافی وەبەرهێنەرانی سندوقەکان و دابینکردنی نەختینەی بازاڕ.
مەحمودی شیمشەک، وەزیری خەزێنە و دارایی، لە یەکەم ڕۆژی مامەڵەکردنی هەفتەکەدا و پێش بڵاوبوونەوەی بازاڕەکان، لێدوانی گرنگی سەبارەت بە قەیرانی سندوقەکان لە بازاڕەکانی سەرمایەدا دا. شیمشەک ئاماژەی بەوەدا کە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی داد، چاودێری مافە ڕەواکانی وەبەرهێنەرانی سندوقەکان دەکەن و بەردەوام دەبن لە گرتنەبەری ڕێکاری پێویست، لەوانەش دابینکردنی ئەو نەختینەیەی کە بازاڕ پێویستی پێیەتی، بۆ ڕێگریکردن لە ڕەنگدانەوە نەرێنییەکان لەسەر سیستەمی دارایی.
وەزیر جەختی لەوە کردەوە کە پرۆسەی یاسایی دژی ئەو کەسانەی تێوەگلاون لە ئۆپراسیۆنە تێکدەرەکانی بازاڕ بەردەوامە، و هیچ ڕێکارێک بەرامبەر ئەو کەس و کۆمپانیایانە ناگیرێتە بەر کە پەیوەندییان بەم چالاکییانەوە نییە. جگه لەوەش، ئاماژەی بە بارودۆخی وەبەرهێنەرە زیانپێکەوتووەکان کرد و گرنگی هەماهەنگی نێوان دامەزراوەکانی دووپات کردەوە.
داواکاری گشتیی ئەستەنبوڵ، لە ١٧ی ئەیلوولدا لە ڕێگەی نوسراوێکەوە بۆ دەستەی لێکۆڵینەوە لە تاوانە داراییەکانی تورکیا (MASAK)، داوای دابینکردنی زانیارییە داراییەکانی پەیوەندیدار بە بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکانی «پوسولا فینانس هۆڵدینگ»، «تێرا یاتێرم»، «هێدەف هۆڵدینگ» و «بولس یاتێرم» و کۆمپانیا لاوەکییەکانیانی کردبوو. داوا کرابوو کە زانیارییەکانی ناسنامەی بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکان، گواستنەوەی پول و داراییە دیجیتاڵییەکان (کریتپۆ) بۆ دەرەوەی وڵات و سەرجەم هاتووچۆی پارەکان بە شێوەی زانیاری خاو ڕەوانەی داواکاری گشتی بكرێت.
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکەدا، سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی تێرا یاتێرم هۆڵدینگ ئیمرێ تیزمەن، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئیمرێ ئالکین، ئەندامی سەربەخۆی دەستەی بەڕێوەبەری کەریم ئالکین، بەڕێوەبەری گشتیی پۆرتفۆی ئالپەر ئۆزتورک، سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی پوسولا هۆڵدینگ سەردار تورهان، سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی پوسولا پۆرتفۆی محەمەد یارز، نامق کەمال گۆکئەلپ، ئالتونچ کومۆڤا و ئیبراهیم بێکچی دەستبەسەر کران. هەروەها ئەنڤەر چەڤیک و کەمال ئاکایا کە دەستبەسەر کرابوون، دوای وەرگرتنی ئیفادەکانیان ئازاد کران.
سەرچاوە: Rûdaw