
وەزارەتی پەروەردەی عێراق بڕیاری داخستنی ٨ قوتابخانەی کوردی لە خانەقین هەڵوەشاندەوە
بڕیاری داخستنی ٨ قوتابخانەی کوردی لە خانەقین کە بەپانووکردنی کەمیی ژمارەی خوێندکاران بڕیاربوو دابخرێن، بەهۆی دۆخی دەستووریی ناوچەکەوە هەڵوەشێنرایەوە.
وەزارەتی پەروەردەی عێراق بڕیاری داخستنی ٨ قوتابخانەی کوردی لە خانەقین هەڵوەشاندەوە کە بەپانووکردنی کەمیی ژمارەی خوێندکاران بڕیاربوو دابخرێن و تێکەڵی قوتابخانەی دیکە بكرێن.
لە نووسراوێکدا کە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی وەزارەتەکە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی کوردی ناردووە، ئاماژە بەوە کراوە کە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە بەهۆی ئەوەوە بووە کە ئەم ناوچانە دەکەونە چوارچێوەی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق و ئەوەش ڕاگەیەندراوە کە بڕیارەکە دەگەیەنرێتە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی دیالە.
نزیکەی هەشت مانگ لەمەوبەر، سروە محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کردبوو کە هەوڵی داوە ڕێگری لە داخستنی قوتابخانەکان بکات و باسی لەوە کرد کە بڕیارەکە ئامادەیە بۆ ئەوەی بگاتە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی دیالە، هەروەها قوتابخانەکان دووبارە دەکرێنەوە و درێژە بە ساڵی خوێندن دەدەن.
لە چوارچێوەی پێشنیازی ساڵی ٢٠٢٥ی دەستەی دەستپاکی عێراق، لە کۆی ٢٣ قوتابخانەی کوردی لە خانەقین، ٨ قوتابخانەیان لە سەرەتای ئەمساڵدا داخراوبوون و تێکەڵی قوتابخانەی دیکە کرابوون. زوهور خودابەخش، بەڕێوەبەری پەروەردەی کوردی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی دیالە، ڕۆژی یەکشەممە ١١ی تشرینی یەکەم سەردانی خانەقینی کرد و ڕایگەیاند کە کار دەکەن بۆ دووبارە کردنەوەی قوتابخانەکان. لە ۱٦ قوتابخانەی سەرەتایی ناوچەکەکەدا نزیکەی ٣,٠٠٠ خوێندکار هەن؛ لە ٦ لەو قوتابخانانەدا ژمارەی خوێندکاران لە ۱٥ کەس کەمتری تێدایە.
سەرچاوە: Rûdaw