
وەزارەتی خێزان و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان ڕێنماییەکی زستانەی بۆ بێپەنایان دەرکرد
وەزارەت ڕێنماییەکی بۆ پارێزگا و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان ناردووە بۆ دابینکردنی شوێنی حەوانەوە و پێداویستییە بنەڕەتییەکانی ئەو بێپەنایانەی لە وەرزی زستاندا لە سەر شقامەکان دەژین.
وەزارەتی خێزان و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانی تورکیا ڕێنماییەکی بۆ پارێزگاکان، بەڕێوەبەرایەتییە هەرێمییەکانی خێزان و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان و دەزگاکانی هاوکاری و پشدەستیوانی کۆمەڵایەتی ناردووە، بە مەبەستی دابینکردنی حەوانەوە و پێداویستییە بنەڕەتییەکانی ئەو بێپەنایانەی لە زستاندا لە سەر شقامەکان دەژین.
لە چوارچێوەی ئەم ڕێنماییەدا، کەسانی بێمال و بێپەنا لە پارێزگا و شارۆچکەکاندا دەستنیشان دەکرێن و پێداویستی حەوانەوەیان لە ڕێگەی میوانخانە دەوڵەتییەکان و هۆتێلەکانەوە دابین دەکرێت. جگە لەوەش، پێداویستییەکانی پاکوخاوێنی، تەندروستی، خۆراکی بنەڕەتی و پوشاکیشیان بۆ دابین دەکرێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتەکە، ڕێنمایی دراوە کە لە کاتی پێویستدا پشتیوانی دەروونی-کۆمەڵایەتیش پێشکەش بە هاوڵاتییان بکرێت.
سەرچاوە: Rûdaw