
تۆنسەر باقرخان، هاوسۆکۆماری دەم پارتی داوای لە ئۆزەل کرد بەشداری لە کۆمیسیۆنی بەدواداچووندا بکات
باقرخان ئاماژەی بەوە دا کە بڕیاری ئۆزەل بۆ بەشدارینەکردن لە کۆمیسیۆنەکەدا دەکرێت چاودێرییەکە لاواز بکات، و جەختی کردەوە کە ئاشتی قەرزێکە لەسەر شانی هەموو دەسەڵاتداران.
تۆنسەر باقرخان، هاوسۆکۆماری دەم پارتی ڕایگەیاند کە هاوبەشی ناڕەزایەتییەکانی ئۆزگور ئۆزەلە بەرامبەر دەسەڵات، بەڵام بڕیاری بەشدارینەکردنی لە کۆمیسیۆنی بەدواداچووندا دەکرێت چاودێریکردنی پرۆسەکە لاواز بکات. باقرخان بە سەرنجڕاکێشان بۆ گرنگی باباتەکە گوتی: "ئاشتی، بێ گوێدانە ئەوەی کێ لە دەسەڵاتدایە، بەپەلەترین و پیرۆزترین قەرزێکە کە هەموومان دەبێت بەم خاكە و بە منداڵانی ئەم وڵاتەی بدەینەوە."
دوای پەسەندکردنی یاسای چوارچێوە لە پەرلەماندا، نومان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمان، دەستی کرد بە سەردانیکردنی پارتییە سیاسییەکان بۆ دامەزراندنی کۆمیسیۆنی بەدواداچوون کە پلانی بۆ دانراوە. کورتوڵموش لە ١٨ی تشرینی دووەمدا سەردانی ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی یەنی پارتی کرد، و دوای کۆبوونەوەکەی ئۆزەل ڕایگەیاند کە ڕەخنەی لە سیاستەکانی حکومەت گرتووە و ئەندام ناکەنە نێو کۆمیسیۆنەکەوە.
باقرخان لە ڕاگەیەندراوێکدا بۆ "نیها+"، ڕەخنەی لە هەڵوێستەکەی ئۆزەل گرت و ئاماژەی بەوە دا کە لە شوێنی کشانەوە لە کارەکانی پەرلەمان، بەشداریکردن لە کۆمیسیۆنەکە و چاودێریکردنی دەسەڵات ئەنجامی باشتر دەدات. باقرخان ئەم پرسیارەی ئاڕاستە کرد: "ئایا سیاسەتێک کە لە سەر مێزەکە بکشێتەوە و لە دوورەوە تەمەشا بکات ئەنجامی زیاتری دەبێت، یاخود هەڵوێستێک کە هەنگاو بە هەنگاو لە پەرلەماندا بەدواداچوون بۆ هر یاسایەکی پەسەندکراو و هەر بەڵێنێکی دراو بکات؟" هەروەها دیاری کرد کە بەرپرسیارێتی ئۆپۆزسیۆن تاقیکردنەوەی ئاشتییە و باوەڕی وایە کە یەنی پارتی ئەزموونی پێویستی هەیە بۆ گرتنەئەستۆی ئەم بەرپرسیارێتییە.
سەرچاوە: Kurdistan24