
هاوسەرۆکی دەم پارتی باکرهان: پرسی کورد دۆسیەیەکی ئەمنی نییە
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارتەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە نابێت پرسی کورد وەک دۆسیەیەکی ئەمنی سەیر بکرێت.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارتەکەیدا کە لە ناوەندی گشتی پارتەکە بەڕێوەچوو، جەختی لەوە کردەوە کە پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری، کێشەی هاوبەشی هەموو تورکیایە. ناوبراو داوای لە ئۆپۆزسیۆن کرد بەرپرسیارێتی هەڵبگرن و لە دەسەڵاتیشی خواست واز لە سیاسەتە ئەمنییەکان بهێنن و هەنگاوی کردەیی بنێن.
باکرهان سەرەخۆشی خۆی بۆ بنەماڵەی تونجەر ساغلام، زیندانی نەخۆش کە لە نەخۆشخانەی شاری ئەتلیك گیانی لەدەستدا و نەسریین ئاسلان، ئەندامی ئەنجومەنی پارتەکە دەربڕی. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە مانەوەی زیندانییە نەخۆشەکان لە زینداندا متمانە بە پرۆسەکە لاواز دەکات و داوای لە بەرپرسان کرد کۆتایی بەم دۆخە بهێنن.
باکرهان وتی کە شەڕ و پێکدادانەکان باجی قورسیان بەسەر ئابووری و سیستەمی دادوەری تورکیادا سەپاندووە و پێویستە سەرچاوەکان لە جیاتی شەڕ، بۆ خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی تەرخان بکرێن. جەختیشی لەوە کردەوە کە چونکە دەرەنجامەکانی ئەم پرۆسەیە هەموو کۆمەڵگا دەگرێتەوە، نابێت بەرپرسیارێتییەکە تەنها بۆ کوردان یان تەنها بۆ دەسەڵات بەجێبهێڵرێت.
باکرهان ڕایگەیاند تا هەنگاوی کردەیی نەنرێت، هیوای ناو کۆمەڵگا لەناو دەچێت و وتی دەوڵەت دەبێت واز لەوە بهێنێت کە لە پەنجەرەیەکی تەنگی ئەمنییەوە سەیری پرسی کورد بکات. ناوبراو جەختی کردەوە کە ئەم پرۆسەیە ڕێگایەکی مێژووییە بۆ دەرچوونی تورکیا و نابێت ئەم دەرفەتە لەدەست بدرێت.
سەرچاوە: Kurdistan24