
ئۆباما و ساندەرز هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولی ئەمریکا کرد
باراک ئۆباما و بێرنی ساندەرز لە دوای ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولەکە، کە تێیدا کۆمارییەکان زۆرینەیان لەدەستدا، لێدوانیان دا.
بەپێی ئەنجامە ناڕەسمییەکانی هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خول، کۆمارییەکان لە هەردوو ئەنجومەنی پیران و ئەنجومەنی نوێنەراندا زۆرینەیان لەدەستدا. هەروەها هەڵبژاردنەکان لە ٣٦ ویلایەتدا بۆ دیاریکردنی پارێزگارەکان و ئەنجومەنە ناوخۆییەکان ئەنجامدران.
باراک ئۆباما لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس وتی: "ئەمشەو گەلی ئەمریکا پەیامێکی روونی نارد، ئەوان سیاسەتێکیان دەوێت کە خەڵک کۆبکاتەوە لەبری ئەوەی لێکیان دابڕێت، هەروەها ڕابەرانێکیان دەوێت کە چارەسەری بەکردەوە بۆ ئەو ئاڵنگارییانە بخەنەڕوو کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە." هەروەها بە بیرهێنانەوەی ئەوەی کە دۆناڵد ترەمپ دوو ساڵی دیکە لە سەرۆکایەتیدا دەمێنێتەوە، وتی: "ئەوەی پێویستە ئێستا بیکەین، قۆڵ هەڵمالینە بۆ دروستکردنی گۆڕانکاری لە هەر شوێنێک کە دەتوانین، بەرگرتن لە زیانی زیاتر و دانانی بەردی بناغە بۆ داهاتوو."
بێرنی ساندەرز، ئەندامی سەربەخۆی ئەنجومەنی پیران، ئاماژەی بەوەدا کە دیموکراتەکان کۆنتڕۆڵی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیران دەکەن و ترەمپ بەرامبەر بڕیار و ڕەفتارەکانی بەرپرسیاڕ دەکرێت. ساندەرز ئەم دۆخەی بە "سەرسوڕهێنەر" وەسف کرد و وتی: "ئێستا هیچ بیانوویەکمان نەماوە."
ستیڤن چێنگ، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆشکی سپی پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتبوو: "دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە. ئەو هێشتا سەرۆکتانە." لە هەمان کاتدا ئیلۆن مەسک، دامەزرێنەری سپەیس ئێکس و تێسلا وتی: "دیارە ئەمجارەیان لێزەرە ئاسمانییەکانم کە دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن، کاریگەرییان نەبووە."
سەرچاوە: Kurdistan24