
نوسینگەی بارزانی ڕەخنەی لە مەکۆی مێری ٢٠٢٦ گرت بەهۆی نەبوونی فرەیی سیاسییەوە
نوسینگەی بارزانی ڕایگەیاند کە شێوازی ڕێکخستنی مەکۆی مێری ٢٠٢٦ لە هەولێر جیاوازیی سیاسیی فەرامۆش کردووە و هیچ پەیوەندییەکی بەو مەکۆیەوە نییە.
نوسینگەی بارزانی سەبارەت بە شێوازی ڕێکخستنی "مەکۆی مێری ٢٠٢٦" لە هەولێر ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە هیچ پەیوەندییەکی بەم مەکۆیەوە نییە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بانگهێشتکردنی میوانان و بەرنامەڕێژیی پانێڵەکانی ئەمساڵ، بە شێوەیەکی پێویست ڕەچاوی فرەیی سیاسی و بەشداریی ئەکتەرە سیاسییەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستانی نەکردووە.
نوسینگەکە جەختی لەوە کردەوە کە ئەم جۆرە ئاڕاستەیە "دڵگرانییەکی ڕەوا لەلایەن جەماوەری تێکۆشەر لە بەشەکانی دیکەی کوردستان دروست دەکات و لێکترازانی و جەمسەربەندی لە نێوان گەلی کورددا قووڵتر دەکاتەوە" و ئاماژەی بەوەدا کە دەبێت دۆزی گەلی کورد بە بەشداریی هەموو لایەنەکان بە شێوەیەکی گشتگیر نوێنەرایەتی بكرێت.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، نوسینگەی بارزانی ڕایگەیاند: "بۆ رای گشتیی ڕادەگەیێنین کە مەکۆی مێری ٢٠٢٦ هیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە نییە".
سەرچاوە: Kurdistan24