
باشاک دەمیرتاش لە ١٠یەمین پێشانگای پەرتووکی ئامەددا پەرتووکەکانی سەلاحەدین دەمیرتاش ئیمزا دەکات
باشاک دەمیرتاش لە دوا ڕۆژی ١٠یەمین پێشانگای پەرتووکی ئامەددا پەرتووکەکانی هاوسەرەکەی، سەلاحەدین دەمیرتاشی ئیمزا کرد و لەگەڵ هەزاران خوێنەر کۆبووەوە.
لە دوا ڕۆژی ١٠یەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی پەرتووک لە ئامەد کە لە ناوەندی پێشانگا و کۆنگرەکانی مێزۆپۆتامیا بەڕێوەچوو، باشاک دەمیرتاش، هاوسەری هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە سەلاحەدین دەمیرتاش، پەرتووکەکانی هاوسەرەکەی ئیمزا کرد. لە سەرلەبەیانییەوە ڕیزێکی درێژ لە بەردەم سەکۆکەدا دروستبوو؛ خوێنەران بە چەپڵە و هەتاف لێدانەوە پێشوازییان لێکرد.
باشاک دەمیرتاش ئاماژەی بەوەدا کە لە ئێستادا سەلاحەدین لە پێشانگاکەدا نییە و گوتی: "ئەمە دوایین ڕۆژی ئیمزاکردنی پەرتووک دەبێت کە بە بێ ئەو بەڕێوەبچێت." هەروەها هیوای خواست هاوسەرەکەی لە زووترین کاتدا ئازاد بکرێت و لەو ڕۆژەدا بە دەستەکانی خۆی پەرتووکەکانی بۆ خوێنەران ئیمزا بکات.
باس لەوە کراوە کە سەلاحەدین دەمیرتاش لە ماوەی ١٠ ساڵی دەستبەسەرکردنی ناڕەوای لە زینداندا بەردەوام بووە لە کارکردن و بە نووسینی پەرتووک بیرۆکەکانی گەیاندووەتە خوێنەران. ئاماژە بەوەش دراوە کە گەورەترین ئاواتی دەمیرتاش ئاشتییە و لە دەرەوە و لە ناوەوەشدا بۆ ئاشتی کاری کردووە و هیواداره گەلانی تورکیا بگەنە ئاشتییەکی بەردەوام.
سەرچاوە: Kurdistan24