
سەرۆک وەزیران بارزانی پێشوازی لە پوتکۆنێن، باڵیۆزی فینلەندا کرد
بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و هێلسینکی و پرسی شایستە داراییەکان تاوتوێ کران.
ڕۆژی یەکشەممە ١١ی تشرینی یەکەم، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لە ئانتی پوتکۆنێن، باڵیۆزی فینلەندا لە عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فینلەندا کرایەوە.
لایەنەکان بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کرد لەسەر پێویستیی دەستبەکاربوونی پەرلەمانی کوردستان لە زووترین کاتدا لە پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتدا، هەروەها ئاماژەیان بە گرنگیی ڕێزگرتن لە مافە دەستووری و داراییەکان دا لە چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی عێراقدا.
ئاماژە بەوەش کرا کە بەپێی ئەنجامە ڕەسمییەکانی سەرژمێریی گشتیی ساڵی ٢٠٢٤، پێویستە پشکی هەرێمی کوردستان کە ۱٤٪ی کۆی دانیشتووان پێکدەهێنێت، لە بودجەی گشتیی ساڵی ٢٠٢٧دا دیاری بکرێت.
سەرچاوە: Kurdistan24