
سەرۆک وەزیران بارزانی بەشەناوخۆیی نوێی کوڕانی لە زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک کردەوە
بەشەناوخۆییە نوێیەکە لە دهۆک بڕوانامەی "LEED Gold"ی بەدەستهێنا، کە یەکەم باڵەخانەیە لە عێراق و ناوچەکەدا ئەم دەستکەوتە تۆمار بکات.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەشەناوخۆیی نوێی کوڕانی لە زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک (AUK) کردەوە. باڵەخانە نوێیەکە توانسەتی ٦٢ خاڵ لە پۆلی دیزاین و دروستکردنی باڵەخانەدا (LEED BD+C) بەدەستبهێنێت و بڕوانامەی نێودەوڵەتی "LEED Gold"ی لەلایەن ئەنجومەنی باڵەخانەی سەوزی ئەمریکاوە (USGBC) پێبخشرا؛ ئەمەش یەکەم باڵەخانەیە لە عێراق و ناوچەکەدا ئەم بڕوانامەیە وەربگرێت.
بەشەناوخۆییەکە لە ٦ نهۆم و زیاتر لە ١٠,٠٠٠ مەتر دووجا ڕووبەری داپۆشراو پێکهاتووە، و ١٠٣ ژووری تاکەکەسی و دووکەسی و تایبەت بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لەخۆدەگرێت، کە شوێنی حەوانەوە بۆ ١٨٣ تا ٢٠٠ قوتابی دابین دەکات. لە هر نهۆمێکدا چێشتخانەی هاوبەش، شوێنی خواردن و شۆردنی جلوبەرگ، هۆڵی وەرزشی پێشکەوتوو، و ژووری خوێندن و حەوانەوە هەیە. ڕێژەی ٪٣٠ی ڕووبەرە کراوەکان و ٪٢٥ی سەوزایی تەرخانکراوە؛ ٪٧٥ی ڕووناکی ناوەوە بە وزەی خۆر کاردەکات و بەهۆی سیستەمی کۆکەرەوەی ڕووناکی و ساردکردنەوە و گەرمکردنی زیرەکەوە، مەسرەفی کارەبا ٪٢٠ کەمی کردووە. هەروەها سیستەمی کۆکردنەوە و پاڵاوتنی ئاوی باران، ڕێگەی ئۆتۆمبێلی پەسکیل، سێ وێستگەی شەحنکردنەوەی ئۆتۆمبێلی کارەبایی و ڕووناکی زیرەک لەخۆدەگرێت.
زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک کە لە ساڵی ٢٠١٤دا بە پێشەنگایەتی بارزانی وەک دامەزراوەیەکی خوێندنی باڵای ناداهاتخواز دامەزرا، ئەمساڵ ١,٠٠٥ قوتابی تێیدا دەخوێنن و ژمارەی دەرچووانی گەیشتووەتە ٦٩٥ کەس. ئیمشەو ١٢٢ قوتابی بڕوانامەکانیان وەردەگرن؛ ٪٦٤.٨ی دەرچووان (٧٩ قوتابی) بە زەمالە خوێندوویانە، کە ٥٠ کەسیان زەمالەی تەواوی ٪١٠٠یان هەبووە. تێچووی خوێندن و حەوانەوەی ١٨ قوتابی لە بنەماڵەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لەلایەن زانکۆکەوە دابینکراوە؛ هەروەها ٢٨ قوتابی زەمالەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکایان بەدەستهێناوە.
سەرچاوە: Kurdistan24