
سەرۆکی حکومەت بارزانی: خەڵکی سلێمانی شایستەی خزمەتگوزاری، ئازادی و سەقامگیریی زیاترن
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی دامەزراندنی سلێمانیدا ڕایگەیاند کە شارەکە شایستەی خزمەتگوزاری، ئازادی، پێشکەوتن و سەقامگیریی زیاترە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی سلێمانییەوە، پەیامێکی پیرۆزبایی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی X بڵاوکردەوە. لە پەیامەکەدا هاتووە: "ساڵیادی دامەزراندنی شاری هەڵمەت و قوربانی، شاری سلێمانی، لە هەموو کوردستانییەکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر پیرۆز بێت. خەڵکی خۆشەویستی سلێمانی شایستەی خزمەتگوزاری، ئازادی، پێشکەوتن، سەقامگیری و ئارامیی زیاترن."
سلێمانی لە ١٤ی تشرینی دووەمی ١٧٨٤ لەلایەن ئیبراهیم پاشای بابانەوە دامەزراوە و ناوی سلێمان پاشای باوکی دامەزرێنەرەکەی لێنراوە. شارەکە کە پایتەختی میرنشینی بابان بوو، وەک ناوەندێکی گرنگی بازرگانی و ڕۆشنبیریی ناوچەکە ناسراوە. لە نێوان ساڵانی ١٩٢٢-١٩٢٤دا بووەتە ناوەندێک بۆ پێگەیشتنی ڕۆشنبیران و تێکۆشەران، و پێشەوایەتیی زۆرێک لە شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی مێژووی کوردستانی کردووە.
بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی ژین لە ساڵی ١٩٥٥، ڕووبەری سلێمانی ٢٠،٢٥٠،٠٠٠ مەتر دووجا بووە و ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی ٦٠،٠٠٠ کەس بووە. لەو سەردەمەدا نزیکەی ٧،٠٠٠ خانوو لە شارەکەدا هەبووە و دابەشبووە بەسەر شەش گەڕەکی سەرەکیدا کە بریتی بوون لە: کانی ئاسکان، گوێژە، مەڵکەندی، سەرشەقام، چوارباخ و دەرقەزێن.
سەرچاوە: Kurdistan24