
سەرۆک وەزیران بارزانی: وەبەرھێنانە نوێیەکانی زاخۆ سەدان ھەلی کار بۆ گەنجان دەڕەخسێنن
مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، بە کردنەوەی دوو پڕۆژەی گەورەی وەبەرھێنان لە زاخۆ، ڕایگەیاند کە سەدان ھەلی کار بۆ گەنجان دەڕەخسێنرێت.
مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند کە جارێکی دیکە سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆی کردووە و دوو پڕۆژەی ستراتیژی کردووەتەوە. بارزانی وتی: "خۆشحاڵم کە جارێکی دیکە لە زاخۆم".
بارزانی پڕۆژەی بازرگانی "گڵۆباڵ دیڤێلۆپمێنت"ی کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم ناوەندە دەبێتە بنکەی سەرەکی دابەشکردنی ئۆتۆمبێلی نیسان لە ھەرێمی کوردستان و سەرانسەری عێراقدا. ڕاگەیەندرا کە مانگانە نزیکەی ٢٠٠٠ ئۆتۆمبێل لەم ناوەندەوە دەنێردرێت و جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە پێگەی زاخۆ وەک دەروازەیەکی بازرگانی بەھێزتر دەبێت.
لە کاتی سەردانەکەدا، بەردی بناغەی پڕۆژەی مۆدێرنی "مۆتۆڕپلێکس عێراق"یش دانرا کە گرنگی بە وەرزش و گەشتیاری دەدات. پڕۆژەکە وەک کۆمەڵگەیەک پێناسە کرا کە پێشبڕکێی ئۆتۆمبێل و چالاکییە گەشتیارییەکان لە خۆ دەگرێت.
بارزانی وتی، ئەم وەبەرھێنانانە بە گشتی سەدان ھەلی کاری نوێ بۆ گەنجان و دانیشتووانی ناوچەکە دەڕەخسێنن و بەشێکن لە بەرنامەی حکومەت بۆ ھاندانی کەرتی تایبەت، ڕاکێشانی وەبەرھێنان و گەشەپێدانی دادپەروەرانەی ھەموو ناوچەکانی کوردستان.
سەرچاوە: Kurdistan24