
سەرۆک وەزیران بارزانی لە دهۆک فەرمانی بە هێزە ئەمنییەکان کرد لە جێبەجێکردنی یاسادا هیچ سازشێک نەکەن
مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانی پێشمەرگە، پۆلیس و ئاسایشی دهۆک، جەختی لە سەروەریی یاسا کردەوە.
مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی شەممە ٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ لە دهۆک لەگەڵ بەرپرسان و فەرماندەکانی پێشمەرگە، پۆلیس و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کۆبووەوە.
بارزانی سوپاسی هێزە ئەمنییەکانی کرد بۆ هەوڵەکانیان لە پاراستنی هاووڵاتییان و دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە. ناوبراو جەختی لە سەروەریی یاسا کردەوە و داوای لێکردن پابەندی بنەمای نەرم نەنواندن بن بەرامبەر بە سزادانی تاوانباران و پاراستنی ئاسایشی گشتی.
سەرۆک وەزیران فەرمانی بە هێزە ئەمنییەکان کرد کە یاساکان بە تەواوی جێبەجێ بکەن، تاوانباران بە دادپەروەری دادگایی بکرێن و لە پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتییاندا ئەرکەکانیان بە تەواوی ئەنجام بدەن و ڕێگە بە هیچ کەمتەرخەمییەک نەدەن.
سەرچاوە: Kurdistan24