
دیمانەی تایبەتی سەرۆک وەزیران بارزانی کاتژمێر ٢١:٣٠ بڵاودەکرێتەوە
مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵەکانی شەمس تیڤی و کوردستان٢٤ کە کاتژمێر ٢١:٣٠ پەخش دەکرێت، سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی هەرێمی کوردستانی هەڵسەنگاند.
مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەو دیمانە تایبەتەی لەگەڵ شەمس تیڤی ئەنجامیداوە و هاوکات لەسەر شاشەی کوردستان٢٤ پەخش دەکرێت، ئەمشەو کاتژمێر ٢١:٣٠ پێشکەشی بینەران دەکرێت.
لە دیمانەکەدا بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە هەوڵەکانی دابەشکردنی هەرێمی کوردستان ڕەتکراونەتەوە، پەرلەمان کاراکراوەتەوە، هاوکێشەی "٥٠ بە ٥٠" کۆتایی هاتووە، دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێ بەردەوامن و شەڕی ناوخۆ بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە ڕەتکراوەتەوە.
سەرۆک وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا پێویستە ڕێز لە دەستوور و سیستەمی فیدراڵی بگیرێت، هەروەها باسی لە چاوەڕوانییەکان لە حکومەتی عەلی زەیدی و دۆخی چەکی نایاسایی کرد. هەروەها ڕایگەیاند کە پابەند دەبن بە بنەمای بێلایەنی و خاکی هەرێم دژی وڵاتانی دراوسێ بەکارناهێنرێت، ئاماژەی بەوەشدا کە زیاتر لە ١٠٥٠ هێرشی مووشەکی و درۆنی ئەنجامدراون، هەروەها هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران و مافی کورد لە سووریا ڕوونکردەوە.
بارزانی باسی لەوە کرد کە سەرەڕای بڕینی بودجە، کارەکانی پەرەپێدانی ژێرخان بەردەوامن، ئامانج ئەوەیە وەبەرهێنەران ڕابکێشرێن بۆ هەرێم، گرنگی ڕۆڵی کەرتی تایبەت و پەیامی خۆی بۆ خەڵکی کوردستان خستەڕوو.
سەرچاوە: Kurdistan24