
سەرۆک وەزیران بارزانی، خەڵاتی نێودەوڵەتی کۆمپانیای زۆم بە شانازییەکی نیشتمانی دەزانێت
مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە کۆمپانیای زۆم کرد بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی "2026 Consumer GRANDS PRIX" لە پاریس و ئەو سەرکەوتنەی بە شانازییەکی نیشتمانی وەسف کرد.
مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە بەڕێوەبەر و کارمەندانی کۆمپانیای زۆم کرد کە لە ڕێوڕەسمێکدا لە فەرەنسا خەڵاتی "2026 Consumer GRANDS PRIX"یان بەدەستهێنا. خەڵاتەکە ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی تشرینی دووەم لە پاریس لەلایەن گرووپی جیهانی "TOP COM"ەوە پێشکەش کرا.
بارزانی ستایشی ڕۆڵی کۆمپانیای زۆمی کرد لە پەرەپێدانی کەرتی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی، ڕەخساندنی هەلی کار، پشتگیریکردنی گەشەپێدانی گوندەکان و ناساندنی بەرهەمەکانی کوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. جەختیشی کردەوە کە حکوومەت بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی پڕۆژە نیشتمانییەکان بە مەبەستی بەدیهێنانی گەشەی ئابووری و زیاتر ناساندنی بەرهەمی ناوخۆیی لە بازاڕەکانی جیهاندا.
کارگەی بەرهەمە شیرەمەنییەکانی زۆم دەکەوێتە گوندی جاجوک لە قەزای مێرگەسۆر. بناغەی کارگەکە لە ساڵی ٢٠٢٠ دانرا و لە مانگی ئایاری ٢٠٢٣ لەلایەن سەرۆک وەزیران بارزانییەوە بە فەرمی کرایەوە. کارگەکە لە ڕێگەی ناوەندەکانی کۆکردنەوەی شیرەوە، شیری هەزاران گوندنشین و ئاژەڵداری ناوچەکە دەکڕێت و سەرچاوەی داهات و هەلی کاری بۆ دابین کردوون؛ هەروەها بەرهەمە ئۆرگانییەکانی وەک ماست، شیر، پەنیر و قەیماغ بە کوالێتییەکی بەرز دەخاتە بازاڕەوە.
کۆمپانیاکە پێشتریش لە ئاستی ناوخۆیی و نیشتمانیدا چەندین خەڵاتی وەک باشترین بەرهەمی خۆماڵی بەدەستهێنابوو، ئەم سەرکەوتنە نێودەوڵەتییەش وەک نیشانەیەک بۆ پێشکەوتنی کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری لە کوردستان سەیر دەکرێت.
سەرچاوە: Kurdistan24