
ڕادەستکردنی بنکەی باشیک بۆ عێراق بەستراوەتەوە بە تێکەڵکردنی گرووپە چەکدارەکانی شنگال
ڕادەستکردنی بنکەی سەربازیی باشیک (زیلکان) بۆ عێراق، بەستراوەتەوە بە پڕۆسەی تێکەڵکردنی یەکەکانی بەرخۆدانی شنگال و یەکەکانی ژنانی شنگال لەناو هێزە ئاسایشییەکانی عێراقدا.
گَزوان داودی، جێگری پارێزگاری مووسڵ، لەبارەی دانوستانەکانی ڕادەستکردنی بنکەی سەربازیی باشیک (زیلکان) بۆ عێراق ڕایگەیاند کە ئەم ڕادەستکردنە بەستراوەتەوە بە دۆخی گرووپە چەکدارەکانی وەک یەکەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە) و یەکەکانی ژنانی شنگال (یەجەشە) لە ناوچەی شنگال. داودی جەختی لەوە کردەوە کە تاوەکو ئەم هێزانە تێکەڵی هێزە ئاسایشییەکانی عێراق نەکرێن، بنکەکە ڕادەست ناکرێتەوە.
ڕێککەوتن لەسەر ڕادەستکردنی بنکەکە لە میانی کۆبوونەوەی نێوان عەلی فالح زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە نیویۆرک لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتە ئاراوە.
بەپێی بەیاننامەی هاوبەشی عێراق و تورکیا لە ڕێکەوتی ۲۳ی ئەیلوولی ۲۰۲۶، پڕۆسەی ڕادەستکردنەکە هاوكات لەگەڵ هەنگاوە ئاسایشییەکانی عێراق لە سەر زەوی و بەپێی خشتەیەکی کاتی دیاریکراو بە شێوەیەکی قۆناغ بە قۆناغ ئەنجام دەدرێت.
بنکەی سەربازیی باشیک (زیلکان) لە باکووری مووسڵ هەڵکەوتووە و لە ساڵی ۲۰۱۵وە لەلایەن هێزەکانی سوپای تورکیاوە بەکاردەهێنرێت. بنکەکە لە کاتی شەڕی دژ بە داعشدا بۆ مەشقپێدانی هێزە خۆجێییەکانی مووسڵ، لە نێویاندا هێزەکانی حەشدی وەتەنی، بەکارهێنراوە.
سەرچاوە: Rûdaw