
بارزانی پێشوازی لە وێندت، نوێنەری نوێی یەکێتیی ئەورووپا لە هەولێر کرد
ستیفان وێندت، کە وەک بەرپرسی نوێی نووسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەورووپا لە هەولێر دەستبەکار بووە، لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی هاوبەشیی ستراتیژی و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناوچەکە.
سەرۆک مەسعود بارزانی، لە نووسینگەی خۆی لە ناوچەی پیرمام لە هەولێر، پێشوازی لە ستیفان وێندت، بەرپرسی نوێی نووسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەورووپا لە هەولێر و شاندی یاوەری کرد. ڕاگەیەندرا کە کۆبوونەوەکە لە کەشێکی گەرمدا بەڕێوەچوو و ئاییندەی هاوکارییەکانی نێوان هەردوولا هەڵسەنگێندرا.
وێندت ڕایگەیاند کە خۆی بە "بەشێک و پشتیوانێکی کوردستان" دەبینێت و ڕێزی لە میوانپەروەریی گەلی کوردستان گرت. جەختی لەوەش کردەوە کە یەکێتیی ئەورووپا گرنگییەکی ستراتیژی بە پێگە بەهێزەکەی هەرێمی کوردستان لە تەواوی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆڵی ئارامکەرەوە و کاریگەرییەکەی دەدات.
لە کۆبوونەوەکەدا، دواین گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناوچەکە، مەترسییەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی و بارودۆخی ئەمنی بە شێوەیەکی فراوان تاوتوێ کران. جگە لەوەش، ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا دەربارەی ئاستەنگەکان و ڕێگەچارەکان لە پرۆسەی کارابوونەوەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و پێكهێنانی کابینەی نوێی حکومەت لە دوای هەڵبژاردنەکان.
سەرچاوە: Rûdaw