
سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی ئیتالیا فۆنتانا پێشهاتەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد
سەرۆک مەسعود بارزانی، لە ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ لە پیرمام، لەگەڵ نیکۆلۆ فۆنتانا باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق، ئاسایشی ناوچەکە، تیرۆر و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو لایەنی تاوتوێ کرد.
سەرۆک مەسعود بارزانی، لە ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ لە پیرمام، پێشوازی لە نیکۆلۆ فۆنتانا باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق کرد. لە کۆبوونەوەکەدا، فۆنتانا خەمباریی قووڵی خۆی بۆ کۆچی دوایی خوالێخۆشبوو عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام بارزانی دەربڕی و پەیامی سەرەخۆشیی گەیاند.
لە کۆبوونەوەکەدا، دوایین پێشهاتە سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەکە، مەترسییەکانی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان و ئاڵنگارییە ئاسایشییەکانی بەردەم عێراق لە قۆناغی داهاتوودا تاوتوێ کران. لایەنەکان هەڵسەنگاندنیان بۆ کاریگەریی ئەم بابەتانە لەسەر سەقامگیریی ناوچەکە کرد.
فۆنتانا باڵیۆزی ئیتالیا جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتی ڕۆما گرنگییەکی ستراتیژی بە داهاتووی عێراق و هەرێمی کوردستان دەدات و سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکەدا لە پێشینەی کارەکانی ئیتالیایە. هاوکارییەکانی ڕابردووی نێوان سوپای ئیتالیا و هێزەکانی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا بە بەرزییەوە نرخێندرا و گرنگیی گەشەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوولا لە هەموو بوارهكاندا ئاماژەی پێکرا. لایەنەکان پابەندبوونی خۆیان بۆ بەردەوامبوون لە قووڵکردنەوەی پەیوەندییە دۆستانەکان دووپات کردەوە.
سەرچاوە: کوردستان٢٤