
بارزانی: پێویستە کێشەکان لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر بکرێن
بارزانی لە دیداری لۆرد مایکل ئەشکرۆفتدا، ستایشی هەنگاوەکانی سەقامگیری و گەشەسەندنی لە هەرێمی کوردستان کرد و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە هەموو کێشەکانی عێراق بە پابەندبوون بە بڕگەكانی دەستوور چارەسەر بكرێن.
سەرۆک مەسعود بارزانی، لە ٢٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ پێشوازی لە لۆرد مایکل ئەشکرۆفت، سەرۆکی فەخریی یەکێتیی نێودەوڵەتیی دیموکراتەکان (IDU) کرد. ئەشکرۆفت خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانیکردنی هەرێمی کوردستان دەربڕی و ستایشی ئەو هەنگاوانەی کرد کە بۆ سەقامگیری و گەشەپێدان و خۆشگوزەرانیی کۆمەڵگە نراون؛ هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە پێویستە پرسی کورد لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا بە شێوەیەکی کاریگەرتر بنوێنرێت و ستایشی قوربانیدانی هێزەکانی پێشمەرگەی کرد لە بەرەنگاربوونەوەی داغشدا.
بارزانی سوپاسی لۆرد ئەشکرۆفتی کرد و ئاماژەی بە خەبات و باجەکانی گەلی کورد کرد لە سەدەی ڕابردوودا لە پێناوی ئازادی و مافە ڕەواکانیدا. بارزانی جەختی لە کلتووری پێکەوەژیان لە ناوچەکەدا کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە پێویستە کێشەی کورد بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن و ڕێگەچارەی ئاشتییانە چارەسەر بکرێت.
لە هەڵسەنگاندنی دۆخی گشتیی سیاسیی عێراقدا، بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە بۆ تێپەڕاندنی هەموو کێشەکانی وڵات و بەدیهێنانی سەقامگیریی بەردەوام، پێویستە هەموو لایەنەکان بە بێ سڵکردنەوە پابەندی بڕگەکانی دەستوور ببن.
سەرچاوە: Kurdistan24