جیهان

بارزانی و کۆنسوڵی ئەمریکا لە هەولێر جەختیان لە سەقامگیری ناوچەکە کردەوە
سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەڵ گوێندۆلین گرین، کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر، پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و هەوڵەکانی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، سەرۆک مەسعود بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە گوێندۆلین گرین، کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر کرد. لە دیدارەکەدا هەردوولا باسیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، بەردەوامبوونی پشتیوانییەکانی واشنتن بۆ هەرێمی کوردستان و دابینکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە کرد.
گرین خۆشحاڵیی خۆی بە دەستبەکاربوونی لە هەولێر دەربڕی و ڕایگەیاند کە هەوڵەکانی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا بەردەوام دەبێت. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکا خۆی بە پشتیوانی سەرەکی گەلی کوردستان دەزانێت و ڕێزێکی تایبەتی بۆ پێگەی سەرۆک بارزانی لە عێراق و ناوچەکە هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، هیوای خواست هەرێمی کوردستان ڕۆڵی خۆی لە بەهێزکردنی سەقامگیری ناوچەکەدا بەردەوام بکات.
بارزانی سوپاسی ئەمریکای کرد بۆ ئەو پشتیوانی و هاوکارییانەی لە شەڕی دژی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش پێشکەشی هەرێمی کوردستانی کردووە. دەستپێکردنەوەی چالاکییەکانی کۆنسوڵخانەکەی لە ناوچەکە بە هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان لە بوارە جیاوازەکاندا وەسف کرد. لە کۆتایی دیدارەکەدا، هەردوولا بیروڕایان لەسەر دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرد و جەختیان لە پێویستیی چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری کردەوە.
سەرچاوە: Kurdistan24