
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئەنتالیا لەگەڵ ڤۆن دێر لاین کۆبووەوە
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە لوتکەی کەشوهەوای (COP31) لە ئەنتالیا، لەگەڵ ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا سەبارەت بە کەشوهەوا، پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و سەقامگیریی ناوچەکە کۆبووەوە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ لە چوارچێوەی لوتکەی کەشوهەوا (COP31) کە لە ئەنتالیا بەڕێوەچوو، لەگەڵ ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەوروپا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی دەرفەتەکانی هاوکاریی هاوبەش لە بواری ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و ژینگە تاوتوێ کران. لە ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتیدا هاتووە: "پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەوروپا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە بوارەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و ژینگە و دەرفەتەکانی هاوکاریی هاوبەش تاوتوێ کران".
هەروەها گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکە لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە بوون. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو: "لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکە هەڵسەنگێندرا؛ هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری کردەوە".
سەرچاوە: Rûdaw