
کەمی بودجە بۆ پاراستنی ١٩٠٠ شوێنەواری مێژوویی لە ئازەربایجانی ڕۆژئاوا
پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژئاوا ڕایگەیاند کە ئەو بودجەیەی بۆ نۆژەنکردنەوە و پاراستنی بینا مێژووییەکان تەرخانکراوە، بەشی پێویست ناکات.
داوود فەرازی، جێگری بەڕێوەبەری میراتی کولتووریی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا ڕایگەیاند کە ١٩٠٠ شوێنەوار و بینای مێژوویی لە پارێزگاکەدا لە لیستی نیشتمانیدا تۆمارکراون و ئەم ژمارەیەش وایکردووە پارێزگاکە لە ڕیزبەندی پێنج یان شەشەمین پارێزگای وڵاتدا بێت.
فەرازی جەختی لەوە کردەوە کە تەواوی ئەو بودجەیەی پەسەند کراوە تەرخان نەکراوە و ئەو پارەیەی ئێستا لەبەردەستدایە بۆ پێداویستییەکانی پاراستن و نۆژەنکردنەوە بەس نییە. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە هەندێک لە بینا مێژووییەکان هی کەرتی تایبەتن و نزیکەی ٥٠ دانەی دیکەشیان سەر بە دامەزراوە گشتییەکانن وەک پەروەردە، مانگی سوور، وەقف و سوپا، کە دەبێت بەپێی یاسا لە سەرچاوەی خۆیانەوە کاری نۆژەنکردنەوەیان بۆ بکەن، بەڵام هەندێک جار لە تەرخانکردنی بودجەدا کەموکوڕی ڕوودەدات.
سەبارەت بە دیمەنی مێژوویی ورمێ، ناوبراو وتی کە بەربەستەکانی سەر شەقامەکان لە شەقامی ئیمام خومەینی و دەوروبەری بازاڕی مێژوویی، زیان بە ناسنامەی بیناسازی شارەکە دەگەیەنن. ڕایگەیاند کە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە چەندین کۆبوونەوە کراوە، بەڵام بۆ چارەسەرێکی هەمیشەیی پێویستە شارەوانی هەنگاوی جیددی بنێت.
جەخت لەوەش کرایەوە کە بازاڕی داخراوی نەریتیی ورمێ هێشتا ناوەندێکی زیندووی ئابووری و کولتوورییە کە پیشە کۆنەکانی وەک فەرشچنین، مسگەری، ئاسنگەری و دارتاشی تێیدا بەردەوامن و ئەمەش پارێزگاری لە ناسنامەی مێژوویی ناوچەکە دەکات.
سەرچاوە: Araz Khabar