PEZKUWICHAINDIJITAL KURDISTAN NEWS 15 HEZÎRAN 2026 · DUŞEM
سەرەکی تەندروستی و وەرزش
تەندروستی و وەرزش

لە ماداگاسکار ١٣ کەسی تووشبوو بە ئەلبینیزم کوژران و هێرشەکان ڕوو لە زیادبوونن
لە ساڵی ٢٠٢٦دا لە ماداگاسکار ١٣ کەسی تووشبوو بە ئەلبینیزم، کە زۆربەیان منداڵن، سەربڕدران و هێرشەکان پەیوەندییان بە باوەڕە خورافییەکانەوە هەیە.

لە ماداگاسکار ١٣ کەسی تووشبوو بە ئەلبینیزم کوژران و هێرشەکان ڕوو لە زیادبوونن

لە ساڵی ٢٠٢٦دا لە ماداگاسکار ١٣ کەسی تووشبوو بە ئەلبینیزم، کە زۆربەیان منداڵن، سەربڕدران و هێرشەکان پەیوەندییان بە باوەڕە خورافییەکانەوە هەیە.

لە ماداگاسکار هێرشکردنە سەر ئەو کەسانەی تووشبووی ئەلبینیزمن (کەمڕەنگی پێست) لە ساڵی ٢٠٢٦دا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و تا ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی ١٣ کەس. ڕێکخراوی "ئەلبینۆس ماداگاسکار" ڕایگەیاندووە کە ئەو ١٣ کەسە هەموویان سەربڕدراون و ١٠ کەسیان منداڵ بوون. ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەمساڵ خراپترین ساڵ بووە لە مێژووی وڵاتەکەدا بۆ کوشتنی ئەو کەسانەی تووشبووی ئەلبینیزمن.

بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی گاردیان، لە مانگی ئایاردا لە شاری تۆلیارای باشووری وڵاتەکە، سێ کەس چوونەتە ناو ماڵێکەوە و منداڵێکی ١٨ مانگ بە ناوی لاندریسیا سۆالالا-یان لە باوەشی دایکی ڕفاندووە و دوای کوشتنی، سەریان بڕیوە. پەیوەست بەم ڕووداوە ١٨ کەس دەستبەسەر کراون؛ لەنێو گومانلێکراوەکاندا دوو ژن و کەسێکی خەڵکی سریلانکا هەن کە لە کەرتی کانزاکاریدا کاری کردووە. باس لەوە دەکرێت کە هێرشەکان پەیوەندییان بەو باوەڕە خورافییانەوە هەیە کە گوایە ئەندامانی لەشی تووشبووانی ئەلبینیزم دەوڵەمەندی، هێز یان بەخت دەهێنن؛ جەخت لەوە کراوەتەوە کە بەتایبەتی منداڵان بەهۆی ئەوەی بێبەرگرین و باوەڕ وایە ئەندامانی لەشیان "بەهێزترە"، دەکرێنە ئامانج.

شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاپۆرتیان داوە کە ئەو هێرشانەی پێشتر زیاتر لە ناوچە هەژارنشینەکانی باشووری وڵاتەکە ڕوویان دەدا، لەم دواییانەدا بۆ ناوچەکانی دیکە بڵاوبوونەتەوە و لەو شوێنانە چڕ بوونەتەوە کە کانەکانی بەردی گرانبەها و زێڕیان لێیە. مولۆکا-ئان میتی-درۆمۆند، شارەزای نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری ئەلبینیزم، ڕایگەیاندبوو کە لە کۆتایی ٢٠٢٠ تا ٢٠٢٢ زیاتر لە ٢٨ حاڵەتی هێرش تۆمار کراوە و لە زۆربەیاندا منداڵان کراونەتە ئامانج. فۆلجێنس سۆجا، سەرۆکی ڕێکخراوی ئەلبینۆس ماداگاسکار، دۆخەکەی بە "زۆر مەترسیدار و دڕندانە" ناوبرد و وتی ئەو کەسانەی تووشبووی ئەلبینیزمن هەست بە ئارامی ناکەن. نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە ناوخۆییەکانی مافی مرۆڤ داوای گرتنەبەری ڕێوشوێنی ئەمنی، پەروەردە و هۆشیارکردنەوە، هەروەها ئەنجامدانی سەرژمێرییەکی گشتگیر بۆ دیاریکردنی ژمارەی ئەو کەسانەی تووشبووی ئەلبینیزمن دەکەن بۆ ئەوەی ڕێگری لە هێرشەکان بکرێت.

سەرچاوە: Rûdaw

هەواڵی پەیوەندیدار