
وەزیری وزەی تورکیا: بۆری نەوتی کەرکووک-بانیاس هەڕەشە نییە بۆ سەر تورکیا
ئەلبەرسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا ڕایگەیاند، کاراکردنەوەی بۆری نەوتی کەرکووک-بانیاس زیان بە ئابووریی تورکیا ناگەیەنێت.
ئەلبەرسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ ڕایگەیاند، کاراکردنەوەی بۆری نەوتی کەرکووک-بانیاس لە نێوان عێراق و سووریا، هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر ئابووریی تورکیا دروست ناکات.
وەزیر بایراکتار جەختی لەوە کردەوە کە سووریا پێویستی بە وەبەرهێنانی بەرفراوانە و ئاماژەی بەوە دا کە ئەنقەرە کارپێکردنی ئەم بۆرییە بە مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی خۆی نابینێت. هەروەها وتی، پڕۆژە هاوبەشەکان لە بواری وزە و کانزاکاندا دەبنە هۆی سەقامگیریی ناوچەکە.
ناوبراو ئەوەشی خستە ڕوو کە ئەگەر بارودۆخی جیۆلۆجی و لایەنی ئابووری گونجاو بێت، لە داهاتوودا دەکرێت چالاکییە هاوبەشەکانی گەڕان بەدوای نەوت و گاز لە دەریای سووریاشدا تاوتوێ بکرێن.
لە ١٧ی تەمموزدا، ئێران و سووریا بە چاودێریی ئەمریکا یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان بۆ زیندووکردنەوەی بۆری نەوتی کەرکووک-بانیاس واژۆ کرد. حکومەتی بەغدا بەم هەنگاوە دەیەوێت ڕێگاکانی هەناردەکردنی نەوتی خاو هەمەچەشن بکات و ڕێڕەوێکی نوێی گواستنەوە لە ڕێگەی سووریاوە بۆ بەندەرەکانی دەریای ناوەڕاست بکاتەوە.
سەرچاوە: Kurdistan24