
شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆک و جێگری سەرۆک لە ئەنجومەنی شارەوانییەکان گۆڕا
لە حاڵەتی چۆڵبوونی پۆستی سەرۆکایەتیدا، ڕێکاری نوێ وەک بەکارهێنانی وەرەقەی دەنگدان، مۆری هەڵبژاردن و سندووقی شەفاف بۆ ئەنجومەنی شارەوانییەکان دیاریکرا.
گۆڕانکاری لە پەیڕەوی کاری ئەنجومەنی شارەوانییەکان کە لەلایەن وەزارەتی ژینگە، شارسازی و گۆڕانی کەشوهەواوە ئامادە کراوە، لە ڕۆژنامەی فەرمیدا بڵاوکرایەوە و بەپێی ئەوە، شێوازی هەڵبژاردن لە ئەنجومەنەکاندا لە کاتی چۆڵبوونی پۆستی سەرۆکی شارەوانی یان جێگری سەرۆک گۆڕدرا.
بەپێی پەیڕەوەکە، ئەو پۆستەی چۆڵ بووە دەبێت لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا بە بڕیاری پارێزگار کاتی هەڵبژاردنی بۆ دیاری بکرێت. ئەو ئەندامانەی ئەنجومەن کە دەیانەوێت خۆیان کاندید بکەن یان ئەو گرووپە حزبیانەی دەیانەوێت کاندید پێشکەش بکەن، دەبێت لە یەکەم دانیشتنی یەکەم کۆبوونەوەی دەنگدانەکەدا داواکارییەکانیان پێشکەشی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەن بکەن؛ دوای یەکەم دانیشتن هیچ داواکارییەکی نوێ وەرناگیرێت، بەڵام کشانەوەی کاندید پێش هەر دانیشتنێک دەکرێت.
لە هەڵبژاردنەکاندا وەرەقەی دەنگدانی یەکگرتوو بەکاردێت؛ پشتی وەرەقەکان لەلایەن دەستەی سەرۆکایەتییەوە مۆر دەکرێت. ئەندامانی ئەنجومەن مۆری هەڵبژاردن لەو شوێنەی دیاریکراوە دەدەن و وەرەقەکە دەپێچنەوە، پاشان بەبێ ئەوەی هیچ نیشانەیەکی ناسینەوەی لەسەر بێت، دەیخەنە ناو زەرفێکەوە و دەیخەنە ناو سندووقی شەفافەوە. بۆ پاراستنی نهێنی دەنگدان، لانیکەم دوو کابینەی داخراوی دەنگدان ئامادە دەکرێت و سندووقەکەش لە شوێنێک دادەنرێت کە هەمووان بیبینن.
ئەو وەرەقانەی مۆری سەرۆکایەتییان پێوە نییە، یان نیشانەی ناسینەوەیان لەسەرە، یان زیاتر لە یەک مۆری هەڵبژاردنیان لەسەرە، بە پووچەڵ هەژمار دەکرێن. ئەو وەرەقانەی هەڵەی چاپکردن، پەڵە یان چرچبوونیان تێدایە بە دروست هەژمار دەکرێن. ئەگەر ژمارەی زەرفە مۆرکراوەکانی ناو سندووقەکە لە ژمارەی ئەو ئەندامانە زیاتر بوو کە دەنگیان داوە، هەڵبژاردنەکە دووبارە دەکرێتەوە؛ زەرفە بێ مۆرەکان بەبێ ئەوەی بکرێنەوە، لە شوێنێکی جیاوازدا هەڵدەگیرێن تا لەناوببرێن.
سەرچاوە: Kurdistan24