
ئەندرۆی ئەمریکی ژیانێکی نوێ لە ڕواندز دەست پێدەکات
ئەندرۆ بەیلی ئەمریکی کە لە سەردەمی کۆڤید-١٩دا هاتبووە قەزای ڕواندزی سەر بە هەولێر، بەهۆی ڕێکاری قەدەغەی هاتوچۆوە مایەوە و ناوی خۆی گۆڕی و دووكانێكی دارتاشیی لەوێ کردەوە.
لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید-١٩دا، ئەندرۆ بەیلی ئەمریکی وەک گەشتیارێک هاتە هەرێمی کوردستان و لە قەزای ڕواندزی سەر بە هەولێر نیشتەجێ بوو کە بە سروشتە جوانەکەی بەناوبانگە. بەهۆی قەدەغەی گەشتکردنەوە نەیتوانی بگەڕێتەوە وڵاتەکەی، ئەگەرچی لە سەرەتادا پلانی گەڕانەوەی هەبوو، بەڵام سەرسامی کەشوهەوای فێنک، کانیۆنەکان و میواندۆستیی خەڵکی ناوچەکە بوو.
دوای هەڵگرتنی قەدەغەی هاتوچۆش، بەیلی بڕیاری دا نەگەڕێتەوە وڵاتی خۆی و ناوی خۆی گۆڕی بۆ "ئەندرۆ ڕواندزی" و کارگەیەکی دارتاشیی لە قەزاكەدا کردەوە. ئەم ئەمریکییە کە لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە خۆشەویست بوو و بە "ئەندرۆ ڕواندزی" دەناسرێت، لەوێ بژێوی ژیانی دابین کرد و تێکەڵی کلتوری ناوچەکە بوو.
ئەم چیرۆکە سەیرەی ژیانی ئەندرۆ ڕواندزی، لە بەڵگەفیلمێکی تایبەتدا لەلایەن تیمی بەڵگەفیلمی کوردستان٢٤، دڵێر عومەر و وێنەگر محەمەد جوبڕائیل ئامادەکراوە و پێشکەشی بینەران کرا.
سەرچاوە: Kurdistan24