
بەشی زمانی و ئەدەبی کوردی لە زانکۆی ئیلام کرایەوە
زانکۆی ئیلام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ ساڵی نوێی خوێندن بەشی زمانی و ئەدەبی کوردی دەکاتەوە و ٢٥ خوێندکار وەردەگرێت.
زانکۆی ئیلام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاند کە بۆ یەکەمجار لە ساڵی نوێی خوێندندا، بەشی زمانی و ئەدەبی کوردی لە ئاستی بەکالۆریۆسدا دەکاتەوە. لەمساڵدا ٢٥ خوێندکار بۆ ئەم بەشە وەردەگیرێن.
ئەم بەشە دوای ئەو بەشەی زانکۆی کوردستان لە شاری سنە، دەبێتە دووەم زانکۆ لە سەرانسەری ئێران کە بەشی ئەکادیمی بۆ زمانی و ئەدەبی کوردی دەکاتەوە. بەرنامەکە لە ساڵی ٢٠٠٠ لە سنە پێشنیار کرابوو، لە ساڵی ٢٠٠٣ لەلایەن وەزارەتی زانست، توێژینەوە و تەکنەلۆژیای ئێرانەوە پەسەند کرا، بەڵام دەستپێکردنی خوێندنی فەرمی تا ساڵی ٢٠١٤ دواخرا. لەو کاتەوە هەموو ساڵێک دەیان خوێندکار وەردەگیرێن و ئامادەکاریش بۆ کردنەوەی خوێندنی باڵا (ماستەر) بەردەوامە.
کردنەوەی ئەم بەشە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو. چالاکوانان و دانیشتووانی ناوچەکە ئەم هەنگاوەیان بە گرنگ بۆ پاراستن و پەرەپێدانی زمانی کوردی وەسف کرد. بەختیار سەجادی، نووسەر و مامۆستای زانکۆ لە پۆستێکی فەیسبووکدا ئەم پێشکەوتنەی بە "هەنگاوێکی گەورە بۆ پاراستن و گەشەپێدانی زمانی کوردی" ناوبرد.
زانکۆی ئیلام خاوەنی ٨٣ بەشی ئەکادیمییە لە ئاستەکانی بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرا و ساڵانە زیاتر لە ٧ هەزار خوێندکار لەو زانکۆیە دەخوێنن. زانکۆکە لە ڕیزبەندی زانکۆکانی ئێراندا لە پلەی ٣٠هەمیندا دێت.
سەرچاوە: Rûdaw