
بیتکۆین بەڕێژەی زیاتر لە٪٣٣ی بەهای مانگانەی لەدەستدا و بۆ ٥٥,٥٣٣ دۆلار دابەزی
بیتکۆین بەهۆی چاوەڕوانییەکانی بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوود لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکا و چوونە دەرەوەی سەرمایە، لە هەفتەیەکدا ٪١٨ و لە مانگێکدا زیاتر لە ٪٣٣ی بەهای لەدەستدا و بۆ ٥٥,٥٣٣ دۆلار دابەزی.
بیتکۆین بەهۆی نادیاریی مەترسییە جیهانییەکان، چاوەڕوانییەکان بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوود لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکا (Fed) و چوونە دەرەوەی سەرمایە لە بازاڕی کریپتۆ، بۆ ٥٥,٥٣٣ دۆلار دابەزی. ئەم دراوە دیجیتاڵییە نزمترین ئاستی خۆی لە دوای ئەیلوولی ٢٠٢٤ەوە تۆمارکرد، زیانی هەفتانەی گەیشتە ٪١٨.١٨ و زیانی مانگانەشی گەیشتە ٪٣٣.٥٦؛ هەروەها لە سەرەتای ئەمساڵەوە ٪٣٦.٢٠ی بەهای لەدەستداوە.
بەرزبوونەوەی تێچووی قەرزکردن لە ئەمریکا، بەهێزبوونی دۆلار و چاوەڕوانیی ئەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەست ببات بۆ بەرزکردنەوەی نوێی ڕێژەی سوود، گوشاری فرۆشتنی لەسەر سەرمایە مەترسیدارەکان زیاتر کردووە. جگە لەوەش، بەهای بەرزی بازاڕی کۆمپانیاکانی ژیریی دەستکرد و نیگەرانییەکان سەبارەت بە قازانجی وەبەرهێنان لە ژێرخاندا، بوونە هۆی دابەزینی زیاتری بیتکۆین.
بیتکۆین کە لە تشرینی اولی ٢٠٢٥ گەیشتبووە سەرووی ١٢٦,٠٠٠ دۆلار، لەو کاتەوە زیاتر لە نیوەی بەهای خۆی لەدەستداوە و دابەزیوە بۆ خوار ئەو ئاستەی پێش گەڕانەوەی ترامپ بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی هەیبوو. هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر کۆمپانیای باینانس، سەرکەوتنی گەورەی دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی خولی ئەمریکا و نادیاری دەربارەی یاساکانی کریپتۆ، بوونە هۆی لەدەستدانی متمانە لە بازاڕدا.
لە سەرەتای ساڵەوە زیاتر لە ٣ ملیار دۆلار سەرمایە لە سندوقەکانی وەبەرهێنانی بیتکۆین لە بورسە (ETF) چووەتە دەرەوە. بەپێی داتاکانی کۆینگلاس، لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا بەهای نزیکەی ٢ ملیار دۆلار لە پۆزیسیۆنەکانی کریپتۆ کە چاوەڕوانی بەرزبوونەوەیان لێدەکرا داخران و سڕرانەوە؛ کە زۆربەیان پۆزیسیۆنەکانی بیتکۆین بوون.
سەرچاوە: Rûdaw