
عێراق نەوتی خاوی خۆی بە ڕێگای وشکانی بۆ بەندەری بەنیاسی سووریا هەناردە دەکات
عێراق و سووریا لەسەر گواستنەوەی نەوتی خاو بە ڕێگای وشکانی بۆ بەندەری بەنیاس و نۆژەنکردنەوەی بۆری نەوتی مێژوویی کەرکووک-بەنیاس ڕێککەوتن.
حکومەتی عێراق لەگەڵ دەسەڵاتی سووریا گەیشتە ڕێککەوتن بۆ ئەوەی نەوتی خاو بە تانکەر و لە ڕێگای وشکانییەوە بۆ بەندەری بەنیاس لەسەر دەریای ناوەڕاست بگوازرێتەوە. یوسف قیبلەوی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای نەوتی سووریا ڕایگەیاند کە ئەم ڕێککەوتنە لە قۆناغی کۆتاییدایە.
قیبلەوی وتی، عێراق داوای پشتیوانی لە سووریا کردووە بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاو، هاوشانی ئەو سووتەمەنییە قورسەی (فیوڵ ئۆیڵ) کە ئێستا بە تانکەر دەگوازرێتەوە، چاوەڕوانیش دەکرێت یەکەم کاروانی تانکەرەکان لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا بگەنە خاکی سووریا. لە ئێستادا نزیکەی هەزار تانکەر کە هەر کامیان توانای هەڵگرتنی ٢٢٠ بەرمیل نەوتیان هەیە، سووتەمەنی قورس دەگوازنەوە؛ بۆ نەوتی خاویش ڕۆژانە لانیکەم هەزار تانکەری دیکە دەخرێتە کار.
ئەو نەوتەی دەگاتە بەندەری بەنیاس لە کۆگاکاندا کۆدەکرێتەوە و پاشان دەخرێتە سەر کەشتییە نەوتهەڵگرە نێودەوڵەتییەکان. هەروەها بەغدا و دیمەشق بۆ کەمکردنەوەی پشت بەستن بە گەرووی هورمز، پرسی نۆژەنکردنەوەی بۆری نەوتی مێژوویی کەرکووک-بەنیاسیان خستووەتە بەرنامەی کاریانەوە؛ پلانیش وایە کارەکان لە چارەکی یەکەمی ساڵی داهاتوودا دەست پێبکەن.
سەرچاوە: Kurdistan24